لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بانگهێشتی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكات.
د.نەرمین مەعروف غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (سپی) رایگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەكەین لەسەر بانگهێشتی پێشوەختەیان، لەگەڵ هەریەك لە (پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، وەزیری پلاندانان، بریكاری وەزیری دارایی، سەرۆكی دیوانی چاودێری) كۆبوونەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "بانگهێشتی ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسەكانی تایبەت بە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار و رێكخستنەوەی كاری بانكە بازرگانییەكان لە عێراق، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی چاپكردنی (٢٠ هەزار دینار)ی كرا كە پێشنیاركراوە و بانكی ناوەندی ئامانجییەتی جێبەجێی بكات".
د.نەرمین روونیكردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی هەندێ پرسی تایبەت بە وەزارەتەكانی پلاندانان و بازرگانی كرد كە تایبەتە بەجێبەجێكردنی یاسای ئاسایش و خۆراك و بەدواداچوونەكانی لیژنەی دارایی بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و مادەكانی تایبەت بە یاساكە.
د. نەرمین مەعروف، باسی لەوەشكرد "من بە نووسراوی فەرمی پرسیارم ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردووە، لەبارەی كاری بانكەكان لە هەرێمی كوردستان و چارەنووسی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی، كە چەند ساڵێكە بەنیازن ئەو لقە بكەنەوە، ئێمە چاوەڕێی وەڵامەكانی بانكی ناوەندی دەكەین و بەدواداچوون دەكەین بۆ جێبەجێكردنی بابەتەكان".