بارزانی یادی دامه‌زراندنی حیز‌به‌که‌ی به‌ توڕه‌یی ده‌کاته‌وه

بارزانی له‌یادی دامه‌زراندنی حیزبه‌که‌ی په‌یامێکی پڕ توڕه‌یی به‌رامبه‌ر داعش بڵاوده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت ئاماده‌بن بۆ کوردستان، یان نه‌مان"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " ئەبێ كوردستان ببێتە گۆڕستانی تیرۆریستان و هەموو ناحەزانی گەلەكەمان".

‌ ‌دەقی پەیامەکە

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

پەیامی من بەبۆنەی شەستوهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بۆ هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی ئەوەیە كە پێویستە مێژووی پڕ سەروەریی پارتی بپارێزن و ئەمڕۆ كە كوردستان كەوتووەتە بەر شاڵاوی دڕندەترین تیرۆریستانی خوێنمژ، پێویستە خۆتان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی كوردستان یان نەمان. خۆتان ساز بكەن و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هێزەكانی كوردستانی پیلانی دوژمنان لەگۆڕ بنێن.

كە باسی كۆمەڵكوژیی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی دەكرێت، ئەوە كۆمەڵكوژیی كوردە، ئەنفالێكی ترە، كیمیابارانێكی ترە و، چۆن ئەنفالچییەكان و ئەوانەی خەڵكی كوردستانیان كیمیاباران كرد بە سزای خۆیان گەییشتن، ئەم تاوانبارانەیش بە سزای خۆیان دەگەن. ئەبێ كوردستان ببێتە گۆڕستانی تیرۆریستان و هەموو ناحەزانی گەلەكەمان.

سڵاو بۆ گیانی شەهیدە نەمرەكانمان

مسعود بارزانی

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان




AM:01:53:16/08/2014