كۆنگرەی 14ی پارتی دەستی پێكرد



ئەمڕۆ لە شاری دهۆك  بە بەشداری زیاتر لە 900 ئەندام، چواردەیەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆش مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند "پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەڵكی كوردستان دەكەم و هیوادارم ئەنجام و راسپاردەكانی كۆنگرەی چواردەی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەماندا بێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراق و هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان بەدەستهێناوە.


كۆنگرەی یەكەم لە 16ـی ئابی 1946 لە شاری بەغدا بەشێوەی نهێنی لە ماڵی سەعید فەهیم بوو و تێیدا 70 ئەندام بەشدارییان كرد؛ لەو كۆنگرەیەدا بەهۆی سەرقاڵبوونەوە بە داكۆكی لە كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو. لەو كۆنگرەیەدا پەیڕەو و پڕۆگرام پەسند كرا و ناوی حیزبیش كرایە پارتی دیموكراتی كورد. 
 
كۆنگرەی دووەم
 
كۆنگرەی دووەمی پارتی لە ئاداری ساڵی 1951 لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمەد بەسترا و تێیدا 30 ئەندام بەشدارییان كرد؛ كۆنگرەكە لە دۆخێكی نهێنی و خۆپارێزیدا بوو و سەركردایەتییەكی كاتیش بۆ حیزب دانرا. 
 
كۆنگرەی سێیەم
 
كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 26-1-1953 لە شاری كەركووك بەسترا؛ تێیدا نزیكەی 40 نوێنەر ئامادە بوون. ناوی حیزب گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و رێكخراوەكانی قوتابییان، ژنان و لاوان دامەزران. 
 
كۆنگرەی چوارەم
 
كۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 4 تاوەكو 7ـی ئۆكتۆبەری 1959 لە شاری بەغدا لەماڵی كاكە زیاد و بە ئامادەبوونی نزیكەی 130 ئەندام بەسترا؛ كۆنگرەكە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بوو لە یەكێتیی سۆڤیەتەوە. ئەوە یەكەم كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی تێیدا بەشدار بێت.
 
كۆنگرەی پێنجەم
 
كۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئایاری 1960 لە بارەگای پارتی لە بەغدا و بە ئامادەبوونی 148 ئەندام بەسترا؛ كۆنگرەكە ماوەیەك پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بوو و 5 رۆژی خایاند. دۆخی پارتی خراپ بوو.
 
كۆنگرەی شەشەم
 
كۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای مانگی تەمموزی 1964 لە قەڵادزێ بەسترا؛ دۆخی كۆنگرە لە كاتێكدابوو، كە شۆڕش و حكومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەك شەڕ و ماوەیەك ئاگربەستدا بوون. لە كۆنگرەكەدا ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. 
 
كۆنگرەی حەوتەم
 
كۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 15-11-1966 لە گەڵاڵە و بە ئامادەبوونی 370 ئەندام بەسترا؛ هاوشێوەی كۆنگرەكەی پێش خۆی، دۆخی كۆنگرەكە لەكاتێكدابوو، كە شۆڕش و حكومەتی عێراق لە دۆخی ماوەیەك شەڕ و ماوەیەك ئاگربەستدا بوون. هەندێك دەستكاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب كرا؛ بۆ نموونە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە پێنج كەسەوە بوونە حەوت كەس. 
 
كۆنگرەی هەشتەم
 
كۆنگرەی هەشتەم لە 1ـی تەمموزی 1970 لە ناوپردان بە ئامادەبونی 488 نوێنەر بەسترا؛ كۆنگرەكە فراوانترین كۆنگرەی پارتی بوو لەدوای واژۆكردنی رێككەوتنی 11ـی ئادار. بۆ یەكەمجار ژمارەیەكی زۆر ژن بەشداریانكرد؛ هەروەها نێردراوی چەندین حیزب بەشدارییان كرد. 
 
كۆنگرەی نۆیەم
 
كۆنگرەی نۆیەم لە 4ـی ئۆكتۆبەری 1979 لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەسترا؛ كۆنگرەكە یەكەمین كۆنگرەی پاش نسكۆی ساڵی 1975 بوو، هەروەها دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی بوو؛ لە كۆنگرەكەدا بە زۆرینەی دەنگ سەرۆك مەسعود بارزانی به ‌سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا.






AM:10:18:03/11/2022