ماڵپەڕی " سپی " هەر سێ سەرۆکەکە بە " ماوە بەسەرچوو " ناوزەد دەکات

سبەی ٦ ی تشرینی دووەم ئەم خوولەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، ماڵپەڕی " سپی " بڕیار دەدات لە ٧ ی تشرینی دووەمەوە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بە " ماوە بەسەرچوو " لە هەواڵ و بابەتە رۆژنامەوانییەکانیدا ناوزەد بکات.

لە ٧ ی تشرینی دووەمەوە هەر یەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت لە بابەتە رۆژنامەوانییەکانی ماڵپەڕی " سپی " دا بە " ماوە بەسەرچوو " ناوزد دەکرێن.

هۆکاری ناوهێنانی ئەم سێ سەرۆکایەتییە بە " ماوە بەسەرچوو" لەلایەن ماڵپەڕی " سپی "ەوە، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی سەرباری کەشوهەوایەکی تەواو گونجاو بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیداو، نەبوونی هیچ بارودۆخێکی نا ئاسایی کە رێگربێت لە بەردەوام سازدانی هەڵبژاردندا، بەلآم پەرلەمانی کوردستان و حیزبەکان هێندە ئیرادەیان نەبوو تا بگەنە رێککەوتنێک لەسەر یاسای هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

لەم روانگەیەوە ماڵپەڕی " سپی " وەک دەزگایەکی راگەیاندنی بەرپرس کە سەرباری کارە میدیایەکانی، ئەرکی نوێبوونەوەو پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی و رێزگرتن لە بنەما دیموکراتییەکان بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەزانێت، بڕیاری لەسەر ئەم پرسە دەرکرد، کە سبەی ٦ ی تشرینی دووەم رووبەڕووی هەموو دەزگا میدیاکانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.    



PM:09:16:05/11/2022