ئێران داوایەك لە عێراق و هەرێم دەكات


باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان توانای دەركردنی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتیان هەیە، بەڵام نایانەوێت ئەو كارە بكەن.

محەممەد سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بە ئاژانسی ئیرنای فەرمی وڵاتەكەی راگەیاندووە "بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دیدێكی نەتەوەییان هەیە و پێدەچێت نەیانەوێت ئەو گروپانە دەربكەن، 76 بەڵگەنامە و بەڵگەی چالاكیی دژە ئەمنی و بارەگاكانی گروپەكان و ئۆپۆزسیۆنی چەكداری دژ بە ئێران ڕادەستی لایەنە عێراقییەكان لە بەغدا و هەولێر لە هەرێمی كوردستان كران، داوایان لێكردین كە لە ماوەی 10 ڕۆژدا خشتەی كاتی دیاری بكەین بۆ ئەوەی داواكارییەكانی ئێران لەم بوارەدا جێبەجێ بكرێن”.  
  
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، سەرەڕای ئەوە، هێرشی زەمینی بۆ سەر شوێنەكانی ئەو گروپانە لە كوردستان لەبەرنامەیاندا نییە و وتیشی "داوامان لە لایەنی عێراقی كرد كە لە ڕێگەی حكومەتی ناوەندی ئەم وڵاتە سنوورەكان كۆنترۆڵ بكەن، چونكە سنوورەكان لەلایەن لایەنی عێراقییەوە كۆنتڕۆڵ نەكراون".  

باڵیۆزی ئێران وتویەتی "داوامان لە حكومەتی عێراق كرد كە خشتەیەكی كاتی بۆ داماڵینی چەك لە ئۆپۆزسیۆن (گروپە كوردییەكانی دژە ئێران) دابنێت. عێراق بە داواكارییەكانمان ڕازی بوو داوای دانانی وادەیەكی بۆ پرسی چەكداماڵین كرد".  



PM:11:08:22/11/2022