ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە تائێستا لانیكەم ٤٤٨ هاوڵاتی كوژراون، كە ٦٠یان منداڵ و ٢٩یان ژن بوون.
ئەمڕۆ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێكدا نوێترین ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردەوە، كە لەدوای كوژرانی ژینا ئەمینییەوە سەریهەڵدا و تائێستاش بەردەوامە.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكە، كە لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تائێستا "لانیكەم ٤٤٨ هاوڵاتی كوژراون، كە ٦٠یان منداڵ و ٢٩یان ژنن، ئەم ئامارانەش سنووردارن و تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە، كە لێكۆڵەرانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەڵگەیان دەستكەوتووە، وەك بەڵگەنامەی مردن یان ئیفادەی كارمەندانی پزیشكی، یان دوو سەرچاوەی سەربەخۆ هەواڵەكەیان پشتڕاست كردووەتەوە”.
هەر بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكە، تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٦ كەس لە ئێران بە دەستی هێزەكانی كوژراون، كە زیاتر لە ١٢ كەسیان لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.
ڕێكخراوەكە ڕیزبەندی ئەو پارێزگایانەی كردووە، كە خۆپیشاندەرانیان تێدا كوژراون و بەمشێوەیەیە: (سیستان و بەلوچستان: ١٢٨، سنە: ٥٣، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا: ٥١، تاران: ٤٣، مازەندەران: ٣٧، كرماشان؛ ٢٥، گیلان: ٢٤ ، ئەلبورز: ١٦، ئیسفەهان: ١٤، خوزستان: ١٠ ، فارس: ٨، خوراسان ڕەزەوی: ٦ ، زەنجان: ٤، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٤ ، لوڕستان: ٣ ، مەركەزی: ٣، قەزوین: ٣ ، هەمەدان: ٣ ، كۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد: ٢ ، ئیلام: ٢ ، ئەردەبیل: ٢، بوشیهر: ٢ ، هورمزگان: ٢، سێمنان: ١ ، كرمان: ١، گۆڵستان: ١ ).