پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت


نزیکەی دوو مانگە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم( ماوە بەسەرچوو)، قوباد تاڵەبانی  چوار شەممان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناکات، لە چەند رۆژی رابردوودا مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی بڕیار چاککردنی ئەو پەیوەندیەیان لەگەڵ یەکێتی لە رێگای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە، داوە. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، بڕیاردراوە لە نزیکترین دەرفەتدا کە رەنگە ئەمشەو چوار شەممە بێت، مەسرور بارزانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە بکات بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان.

پەیوەندی ئەم دوو لایەنە سەرەکیەی حوکمڕانی کوردستان بە تایبەتی لەو کاتەوە بەرەو لێکدابڕان رۆشت کە لە کەیسی موراد کانی کوردەیدا بڕیاری بانگهێشتکردن لە دادگاوە بۆ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی دەرچوو، هەروەها پارتی تا چەند رۆژێک لەمەوبەریش سوور بوو لەسەر دادگاییکردنی هەموو ئەوانەی کە لە رووداوی کوشتنی هاوکار جافدا تۆمەتبارن و پەنجەی تۆمەتیش بۆ بەرپرسانی یەکێتی لەو رووداوەدا درێژ دەکرێت.

ئەم دوو رووداوە لەگەڵ پەراوێزخستنی ناوچەکانی سلێمانی کە یەکێتی بانگەشەی بۆ دەکات، بۆتەهۆی لێکدابڕان و بەشداری نەکردنی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و شەڕی میدیای نێوانیان کە رۆژ بەرۆژ گەرمتر دەبێت، بوونەتە هۆی ناکۆکیەکی بەرچاو و مەترسی دابەشبوونی تەواوی لەسەر هەرێم دروستکردووە




PM:07:48:07/12/2022