كەشناسی: شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكەی گرتۆتەوە


بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بارانبارینی مامناوەند بۆ لێزمەباران كە لە هەندێك ناوچە هەورە تریشقەشی لە گەڵدایە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقی گرتوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بارانبارینی مامناوەند بۆ لێزمەباران كە لە هەندێك ناوچە هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقی گرتوەتەوە، پێشبینی دەكرێت ئەم شەپۆلە تا درەنگانی ئەمشەو بەهێزتربێت هەروەها كاریگەریەكەشی درێژدەبێتەوە بە شێوەی نمەباران و هەندێك كات بارانی مامناوەند بۆ سەر خانەقین و خورماتو و كەركوك و ناوچەكانی گەرمیان. 

كەشناسی ئاماژەی بەوەكردووە، سبەی بەیانی شەممە بەردەوام دەبێت و لەكاتەكانی بەرەبەیان كاریگەریەكەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچە شاخاویەكانی و ناوچەكانی ڕاپەرین هاوكات شەپۆلێكی بەفربارین لە ناوچە شاخاویە سنوریەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی هەرێم دەبارێت و پلەكانی گەرما لەم سنورە (4-6) پلە نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەكانی گەرمی ئەمڕۆ.

بەپێی راگەیەنراوی كەشناسی، بۆ هەولێر و دهۆك پێشبینی دەكرێت ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواوبێت لەگەڵ ئەگەری كەمێك نمە باران، هەروەها ئەم شەپۆلە پێشبینی دەكرێت تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوام بێت بەتایبت لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان.





PM:09:30:23/12/2022