پەروەردەی هەرێم ساڵنامەی وەرزی دووەمی خوێندنی بڵاوکردەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" وەرزی دووەم لە ٢ی ١ی ٢٠٢٣ دەستپێدەكات و لە پاش جەژنی ڕەمەزان لە ٢٩ی ٤ی ٢٠٢٣ تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرز بۆ پۆلە ناكۆتاكان دەست پێدەكات". 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ساڵنامەی خوێندن لە وەرزی دووەم لە ٢ی ١ی ٢٠٢٣ دەستپێدەکات، دوو رۆژی سەرەتای وەرز واتە ٢ و ٣ی ١ی ٢٠٢٣ (دووشەممە و سێشەممە) تەرخاندەکرێت لەلایەن کارگێری ناوەندەکانی خوێندن بۆ هەڵمەتی هۆشیاری لە هەمان ئەو بابەتانەی کە لە وەرزی یەکەم باسیان لێوەکرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پاش جەژنی رەمەزان لە ٢٩ی ٤ی ٢٠٢٣ تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ پۆلە ناکۆتاکان دەستپێدەکات، بە جۆرێک لە ٨ی ٥ی ٢٠٢٣ بەر لە هاتنی گەرمایەکی زۆر تاقیکردنەوەکان کۆتاییان دێت. 

هەر لە بڵاوکراوەکەی پەروەردەی هەرێم ئەوەش هاتووە" بۆحاڵەتی نالەباری کەشوهەوا بە هەموو جۆرەکانییەوە کە گرفتی هاتووچۆ دروستبکات و کاریگەری لەسەر سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران هەبێت، دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە بە رەزامەندی  پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ، پشوو رابگەیەنن و بۆ ئەم بابەتە پێویست بە گەڕانەوە بۆ وەزارەت ناکات". 



PM:08:48:29/12/2022