لەسەرداوای ئێران، سەركرایەتی كورد پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی لەبەرەكانی شەڕی داعش كشاندەوە

‌عەلی کەریمی و سکرتێری کۆمەلە لە کاتی بەڕێکردنی هێزی پێشمەرگە
پاش ئەوەی هەینی رابردوو هێزێكی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و ژمارەیەك كوردی خۆبەخشی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رەوانەی بەرەكانی شەڕ دژی چەكدارانی داعش كران، شەوی رابردوو بەهۆی گوشارەكانی ئێران بۆ سەركردایەتی كورد، لەبەرەكانی شەڕ لە میحوەری كەركوك بەرەو بنكەكانی خۆیان نێردرانەوە.

لەمبارەیەوە عەلی كەریمی، هەڵسوڕاوی سیاسی‌و سیمای ناسراوی باشور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە سپی میدیای رایگەیاند: بەهۆی گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەركردایەتی كورد‌و وەك پێمان وترا "مەسڵحەتی كوردستان وادەخوازێت" شەوی رابردوو هێزەكانی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و ژمارەیەك كوردی رۆژهەڵات كە خۆبەخشانە هاتبوون پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، لەلایەن بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە نێردراینەوە.

عەلی كەریمی كە پێشتر پێشمەرگەی كۆمەڵە بووە‌و هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەكانی رۆژهەڵات‌و سەركردایەتی كورد دروست كردبوو بۆ ناردنی پێشمەرگەی رۆژهەڵات، وتی: هەر لەسەرەتای روانەكردنی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات بۆ بەرەكانی شەڕ، هەم لەلایەن یەكێتی نیشتمانی‌و هەم پارتی دیموكرات پێشوازیمان لێكرا‌و تەنانەت لەلایەن یەكێتییەوە تا هێزكانمان گەیشتنە بەرەكانی شەڕ پێشوازی‌و پشتگیریمان لێكرا‌و ئێمە لە لەمیحوەری كەركوك هێڵێكمان پێ سپێردرا كە زیاتر لە 12 رەبایەی لەخۆ دەگرت‌و پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات بە ورەیەكی بەرزەوە لەوێ جێگیربوون.

وتیشی: بەڵام پاش چەندین رۆژ‌و گوشاری كۆماری ئیسلامی لەبەرەی خانەقین، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێیان راگەیاندین كە "مەسڵەحەتی كوردستان وادەخوازێت" كە ئێمە بكشێنەوە، ئێمەش زۆر هەوڵماندا كە بمێنینەوە بەڵام وتمان ئەگەر مەسڵەحەتی گەورەتر هەیە بۆ كوردستان كە ئێمە بكشینەوە، ئەوا دەكشینەوە".

ئاماژەی بەوەشدا كە ئێمە چاوەڕوان بووین تا شوێنەكانمان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە پڕ كرایەوە ئەوجار كشاینەوە.
یەكێك لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە سەبارەت بەكشانەوەیان لە بەرەكانی شەڕ دژی داعش بە سپی میدیای وت: ئەو كشانەوەیە هەستی زۆر ناخۆشی لا دروستكردین‌و هەست بە نامۆ بوون دەكەین لەسەر خاكی خۆمان.

كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و خۆبەخشەكانی كوردی رۆژهەڵات، لەنێو كوردانی رۆژهەڵات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوە‌و ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە.



AM:11:52:26/08/2014