بەپەلە.. تۆمەتباری دۆسیەی كاوە گەرمیانی لەدانپێدانەكەی پاشگەز دەبێتەوە(نوێکراوەتەوە)

‌كاوە گەرمیانی
تۆمەتباری سەرەكی كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی لە دانپێدانانەكەی خۆی پاشگەز دەبێتەوە‌و دەڵێت "لەژێر گوشار‌و ئازاردان دانم بەو تاوانەدا ناوە".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند لەدانیشتنی ئەمرۆی دادگا تۆمەتبار (ت.خ.ح) كە پێشتر دانی بەوەدا نابوو كاوە گەرمیانی كوشتووە، ئەمرۆ وتی: ئەو لەژێر فشار‌و ئازاردان دانی بەو تاوانەدا ناوە.

پاش لێدوانی ئەو تۆمەتبارە، كۆبوونەوەی دادگا بۆ رۆژێكی دیكە دواخرا.

تۆمەتبار (ت، خ، ح)ە‌و كارمەندی ئاسایشی ناحیەی جەبارەی سەر بەپارێزگای دیالەیە‌و لەشاری كەلار نیشتەجێیە، پێشتر كارمەندی ئاسایشی كفری بوە‌و ماڵەكەشی لەكفری بوە، یەكێك بوە لەو ئاسایشانەی پەلاماردراوە كاتێك ئامرفەوجێكی پاسەوانەكانی جەلال تاڵەبانی لەهاوینی 2011دا هێرشیكردە سەر ئاسایشی كفری بەڵام دواتر كێشەكەی لەگەڵ ئەو ئامرفەوجە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای یەكێتیەوە بەسوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەركراوە.

رۆژنامەنوس كاوەی گەرمیانی شەوی پێنجشەممە 5ی كانونی یەكەمی 2013 لەبەرچاوی دایكیدا‌و لەناو دەرگای ماڵەكەیان درایە بەر دەستڕێژی گوللە‌و هەر لەهەمان شوێندا گیانی لەدەستدا.





PM:02:57:26/08/2014