دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی


راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت" پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگە بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ باری پێشووی خۆی".

ئەمڕۆ سێشەممە ئیحسان شەمری راوێژکاری بانکی ناوەندی بۆ میدیا عێراقییەکانی ئاشکرا کردووە کە بارودۆخی دارایی عێراق باشە و ئەو رێکارانەی بۆ فرۆشتنی دۆلار لە سەکۆکاندا دانراوە بۆ ئەوەیە کە دراوی دۆلار بگاتە دەست سوودمەندێکی راستەقینە و دوور لە دروستکەری کێشە.

راوێژکاری بانکی ناوەندی دەشڵێت " بانکی ناوەندی رۆژانە رێژەیەکی باش لە دراوی دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەشێوەیەک داوای لە سەرجەم بانکەکانی پارێزگای بەغدا کردووە لقی زیادەی فرۆشتنی دراوە بیانییەکان بکەنەوە".

هەروەها دەشلێت " لە ماوەی مانگی داهاتوو لقی فرۆشتنی دراوە بیانییەکان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێتەوە و لە رێگەی ئەو لقانەشەوە بەهای دۆلار کۆنتڕۆڵدەکرێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ باری پێشووی خۆی".

ئیحسان شەمەری ئەوەش دەخاتەڕوو کە "لە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکانی دراوی پارێزگاکانی عێراق نرخی یەک دۆلار دەبێتە ١٤٧٠ دینار."

هەرچەندە لەو رۆژەی بەهای دۆلار بەرزبۆتەوە بانکی ناوەندی بڕیار و رێوشوێن دەگرێتەبەر، بەڵام تا ئێستا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیش بێ کاریگەرن.



PM:06:08:10/01/2023