كوڕێكی دیكە باوكی خۆی كوشت


لە سنوری قەزای پشدەر، گەنجێكی تەمەن 25 ساڵ بەتۆمەتی كوشتنی باوكی بە چەكی تاپڕ، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.

حسێن رەسوڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای پشدەر رایگەیاندووە، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە لە گوندی ئیبراهیم ئاوا لەسنوری شارۆچكەی قەڵادزێ، كوڕێك بە تاپڕ باوكی خۆی كوشت و دوای رووداوەكەش، بكوژەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، بكوژەكە ناوی (ع. م. ح) تەمەن 25 ساڵە، كوژراوەكەش ناوی (م. ح. ئ)ە و تەمەنی نزیكەی 50 ساڵە. 
 
ناوبراو روونیكردۆتەوە، دوای رووداوەكە، تۆمەتبارەكە لەلایەن پۆلیسی قەڵادزێ دەستگیركراوە و بەپێی مادەی 406ی كوشتنی بە ئەنقەست لە یاسای سزادانی عێراقی، رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی هەینی رابردوو لە قەزای چۆمان، مێرمنداڵێكی تەمەن 14 ساڵ باوكی خۆی كوشت و دواتریش دەستگیركرا.




PM:10:00:19/02/2023