سوپای توركیا هەڕەشە لە ئەردۆغانو كورد دەكات
ئۆزێل و ئەردۆغان
سەركردەی سوپای توركیا "نەجدەت ئۆزێل" رایگەیاند: سوپای توركیا چی پێویست بێت دەیكات ئەگەر لەگفتوگۆی نێوان حكومەتو كوردەكاندا هێڵی سور ببەزێنرێت.
ئاژانسی دەنگو باسی فەرەنسا بڵاویكردەوە لەكاتێكدا كە حكومەتی توركیا هەوڵەكانی خۆی چڕكردوەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، ئۆزێل ئەم لێدوانە مەترسیدارە دەدات.
سەركردەی سوپای توركیا دەڵێت: یەكێتی خاكی توركیا هێڵی سورەو نابێت ببەزێنرێت.
لەئاهەنگی پێشوازیكردن لە سەرۆكی نوێی وڵات، تەیب ئەردۆغان لەكۆشكی "كانكایا"، سەركردەی سوپا دەڵێت: ئێمە سی ساڵە شەڕی پەكەكە دەكەین.
ئۆزێل نیگەرانی خۆی دەربڕیوە كە سوپا هیچ ئاگادار نیە لەو نەخشە رێگایە كە حكومەت گفتوگۆی لەسەر كردوە لەگەڵ پەكەكەو تەنها لە رێگەی میدیاكانەوە زانیوەیەتیو هیواداریش بووە كە بۆچوونی ئەوانیشیان وەربگرتایە.
لەوتەكەیدا بە بۆنەی دەستبەكار بوونیەوە وەك سەرۆك كۆماری توركیا، ئەردۆعان ئاماژەی بەوەكرد كە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كوردەكان كاری سەرەكییەتی.
ئەردۆغان لەساڵی 2012وە بەشێوەی نهێنی دەستی كردوە بەگفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ كۆتایی هێنان بەو شەڕەی كە سی ساڵە بەردەوامەو نزیكەی 45 هەزار كەس كوژراوە.
PM:05:57:31/08/2014