تاوە باران دەستپێدەکات


پسپۆرێکی بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سبەی دوو شەممە، ٦ ی ئازارەوە شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات و بەتایبەتی ناوچەکانی سلێمانی دەگرێتەوەو دوو رۆژ دەخایەنێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بوار کەشناسی رایگەیاند "چالاکبوونی بەھێزی خێرای با و دەستپێکردنی تاوە باران و ھەورە ترشقە هەرێم دەگرێتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " سبەی دووشەممە ٦ ی ئازار ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو لەکاتەکانی پێش نیوەرۆوە تا ئێوارە بای باشوری رۆژئاوا لە زۆربەی ناوچەکاندا چالاک ئەبێت بەخێرای ٢٠ تا ٥٠کم/س لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان خێرایی و توندی باکە لەھەندێک کاتدا زیاترەبێت لەنێوان ٤٠ تا ٦٠کم زیاتر لە کاتژمێرێکداو زیان بە درەختی لاواز دەگەیەنێت".

هەروەها دەشڵیت " خۆڵبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە ، پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و رادەی شێ بەرزدەبێتەوە بۆیە ھەست بەکەشێکی گەرمتر ئەکرێت لەچاو رۆژانی ڕابردوودا ، لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری ئەو بایە کەم دەبێتەوە و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ، ھەڵەبجە ، ئیدارەی گەرمیان ،راپەرین ، ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر بارانی قوراوی تاو تاو دەستپێدەکات کە ھەورە تریشقەی لەگەڵدا ئەبێت و ھەندێک کات تاوە بارانەکان بەخوڕ ئەبن".

لەلایەکی ترەوە ماڵپەڕی ئەکواویزەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو شپۆلی بارانبارینە کە ناوچەکانی سلێمانی دەگرێتەوە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.




AM:09:53:05/03/2023