لێبوردنی نێودەوڵەتی: داعش لەباكوری عێراق جینۆسایدی ئەنجامداوە

‌کوردانی ئاوارەی ئیزیدی
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمرۆ سێشەممە چەندین بەڵگەنامەی بڵاوكردەوە كە ئاشكرایدەكات گروپی داعش لەباكوری عێراق پاكتاوی نەتەوەیی‌و ئایینی ئەنجامداوە.

بەپێی راپۆرتەكەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چەكدارانی داعش بە شێوەی سیستماتیك‌و بەرنامە بۆ داڕێژراو، كەمایەتییە ئایینیەكانی باكوری عێراق كوشتووە یان رفاندونی.

ئەم رێكخراوە لە راپۆرتێكی 20 لاپەڕەیی لەگەڵ بەجێماوانی ئەم كوشتارانە گفتوگۆی كردوە‌و ئەوان لە قسەكانیادا وتویانە كە چۆن هێزەكانی داعش لە ناوچەی شەنگال كوڕان‌و پیاوانی بە كۆمەڵ سواری ئۆتۆمبیل كردوە‌و لە شوێنێكی دیكە كۆمەڵكوژیان كردون.
لە راپۆرتەكەدا هاتوەو كە "سەدان‌و رەنگە هەزاران ژن‌و منداڵی ئێزیدی" لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی ئەم كەمایەتییە ئایینیە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنراون.

دۆناتلا رۆڕا، راوێژكاری باڵای رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە دەڵێت كە داعش تاوانی قێزەونی ئەنجام داوە‌و گوند‌و ناوچەكانی باكوری عێراق كردەوە بە كوشتارگا تا ئەم شوێنانە لە هەر كەسی "غەیری عەرەب"‌و "غەیری سوننە" پاكتاو بكات.

لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بە دوو حاڵەتی كۆمەڵكوژی شاری شەنگال لە گوندی "غەینیە"‌و لە گوندی "كوچۆ" كراوە كە بەسەدان كوردی ئێزیدی لەو ناوچانە كۆمەڵكوژ كران.



PM:02:21:02/09/2014