وا بڕیارە دوای پشووی نەورۆز، پرۆسەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێبكات.
د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە 12یەمین خولی دەرچووانی زانكۆی زاخۆ رایگەیاند، وەزارەتەكەی لەسەر ئاستی نیشتمانی پڕۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندنی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و كار دەكەن بۆ ئەوەی ناوەڕۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن ببەستنەوە بە پێداویستییەكانی بازاڕی كار و ئاراستەی گەشەكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو روونیكردەوە، هەوڵ دەدەن رووپێوی زانستییانە و بەردەوامی بازاڕی كاری كوردستان بكەن و پرۆگرامەكانی خوێندن بە ئاراستەی پێداویستییەكانی بازاڕی كار دابڕێژینەوە، بۆ ئەمەش لە ئایندەیەكی نزیكدا 70 مامۆستا لە تەواوی زانكۆكانی كوردستان بۆ ئەم رووپێوییە زانستییە ئامادە دەكرێت.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەكرد، دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا قۆناخبەندیی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە رووەكانی پلان و ژمارەی كورسییەكان و ماوەی پێشكەشكردن و كاتەكانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و راگەیاندنی ئەنجامەكان و دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن رادەگەیێندرێت.