کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات، لە ڕۆژی سێشەممە تا پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" پێشبینی دەکرێت لە رۆژی سێشەممە ١٤ی ئەم مانگە ناوچەکانمان بکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و بارستە ھەوایەکی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت کە لە وڵاتی سوریاوە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە سەرەتاش رۆژی سێشەمە ١٤ی مانگ لەسنوری پارێزگای دھۆک کاریگەری ئەبێت بە بارانبارینی پچر پچر و لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکەشدا بە تاوە بارانی بەخور و بەلێزمە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر بۆ رۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگ ئەگەر ھەیە حاڵەتەکە بەھێزترببێت بەتایبەت لەسەر سنوری پارێزگای دھۆک بە چالاکبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر کە لەھەندێ ناوچەی سنورەکەدا ببێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دوا بەدوای ئەوە ھەر لەرۆژی چوارشەممە کاریگەری فراوانتر دەبێت بۆ سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بە تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاواز لەھەر ناوچەیەکدا کاریگەری دەبێت.
دەشڵێت" رۆژی پێنجشەمە ١٦ی مانگ کاریگەری بارستە ھەوا شێدارەکەی باشور کەمدەبێتەوە و سەنتەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەراست دەگاتە ناوچەکانمان کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە بەشێوەیەکی لاواز بۆ مامناوەند بارانی پچر پچر بەردەوامی دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوەی بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا".