وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێكی بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا دەركرد و لە بڕیارێكدا هاتووە، بڕیاریان داوە یەكەم، دووەم و سێیەمی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان "كە دانەمەزراون،" لە تەواوی كرێی خوێندنی ساڵانە بە رێژەی 100% دەبەخشرێن، ئەگەر لە خوێندنی ماستەر لە زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 وەرگیران.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەت كۆبووەوە و رایگەیاند، پێشكەشكاران دڵنیا دەكەنەوە، بە وردی چاودێریی پرۆسەی مستەر و دكتۆر دەكرێت تاكو پێشكەشكاران مافیان نەخورێت و جیاوازی لە نێوایاندا نەكرێت.
ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەركراون:
یەكەم: دامەزراندنی سێنتەری ڕاوێژكاری خوێندكاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم سێنتەرە بریتیە لە پشتیوانی كردن و ڕێنوێنی كردنی خوێندكاران/ قوتابیان لەڕووی ڕێنوێنی یاسایی و دەرونی و پەروەردەیی و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، ئەم سێنتەرە ڕاوێژكارییە تەنها تایبەت دەبێت بە كاروباری قوتابیان و خوێندكاران و كەسێك بە پلەی بەڕێوەبەر بەڕێوەی دەبات.
دووەم: یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان كە دانەمەزراون، لە تەواوی كرێی خوێندنی ساڵانە بەڕێژەی (١٠٠%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنی ماستەر لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) وەرگیران.
سێیەم: كەسوكاری پلە (١) ی شەهیدان و ئەنفالكراونی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، كورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەكرێت بە مەرجی دەرچوون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، هەروەها لەكاتی دەرچون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتی خوێندنیان لە دەرەوەی پلانی پەسەندكراو پێ دەدرێت و ناچنە كێبڕكێی پلانی مۆڵەتی خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
چوارەم: نابینایان بە ڕێژەی (١٠٠%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە كاتی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، كورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلانی پەسەندكراو بۆ تەرخان دەكرێت بە مەرجی دەرچون لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی.
پێنجەم: تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر، دكتۆرا، دبلۆمی باڵا، لەلایەن زانكۆكان ئەنجام دەدرێت كە پێویستە ڕەچاوی بنەماكانی دادپەروەری و شەفافیەت و یەكسانی بكرێت و دور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێك پرۆسەكە چاودێری و جێبەجێ بكریت.
شەشەم: فەرمانبەرانی دامەزراوی حكومی ئەگەر هاتوو تاوەكو رێكەوتی (١/٩/٢٠٢٣) دوو ساڵ بەسەر خزمەتی كردەكی لە راژە پاش وەرگرتنی دوایین بروانامەی پەسەندكراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر یان دكتۆرا.
حەوتەم: ئەنجومەنی وەزارەت جەختی كردەوە كە پرۆسەی خوێندنی باڵا/دكتۆرا و ماستەر و دیبلۆمی باڵا لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان ساڵانە بكرێتەوە، تاوەكو دەرفەت بۆ پێشكەشكاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.
هەشتەم: ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستكردنی كارتی زیرەك (سمارت كارت) بۆ سەرجەم خوێندكاران و قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ بە ئەلكترۆنی كردن و ئاسان جێبەجێكردنی كاروبارە دارایی و كارگێرییەكانی قوتابیان و خوێندكاران.