لە ٢٥ ی مانگی ئازارەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیراوە، لەو دەمەوە داهاتی هەرێمی کوردستان تەنها دەروازە سنورییەکانی ماوەتەوە کە ئەوەش بەشی پێدانی مووچە ناکات، هەندێک ناوەند دەڵێن، عێراق پارە بە قەرز دەدات بە هەرێم، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە رانەگەیەندراوە".
ماوەی ١٥ رۆژە داهاتی نەوتی هەرێم سفربۆتەوە ئەمەش لە ئەنجامی بڕیاری دادگای پاریس کە بەهۆیەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیرا، تا ئێستا هێج ئاسۆیەک دیار نییە بۆ دەستکردنەوە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان لە ژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ، لەم دۆخەدا حکومەتی هەرێمیش هیچ پارەیەکی یەدەکی نییە، جگە لە بڕێکی کەم لە پارەی کۆنی فرۆشتنی نەوت پێش راگرتنی، بەلآم ئەم بڕە پارەیە لەگەڵ داهاتی نا نەوتی هەرێم بە دەروازەکانیشەوە بەشی مووچەی مانگی چوار ناکات کە مانگانە
بە گشتی پێویستی بە بڕی نزیكەی (٦١٦$) ملیۆن دۆلارە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان تورکیا دەیەوێت دۆسیەی دووەمی دادگای پاریس یەکلایی بێتەوە، دواتر دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا بکات، لە دۆسیەی یەکەمدا کە لە دادگای ناوبژیوانی پاریس حوکمی تێدا دەرچوو تورکیا دەبێت سزای یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بدات بە عێراق.
هەندێک ناوەندی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم بڕیاری دەرکردووە کە کۆمەکی هەرێم بە پێدانی قەرزبکات تا مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی پێ بدرێت، بەلآم تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی عێراقی بڕیاری لەسەر پێدانی ئەم بڕە پارەیە نەداوەو رانەگەیەندراوە، هەروەها ئەو ناوەندانەی هەرێم ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکردووە ئەگەر بەغدا پارە بە قەرز بدات بە هەرێم بڕەکەی چەند دەبێت و کەی دەستپێدەکات.
بەپێی ئەو بە داواداچوونانەی ماڵپەڕی " سپی " کردوویەتی تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکە نە لەهەرێم و نە لە بەغداوە دیارنییە کە کەی و چۆن مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت.