ژنێکی خەڵکی ناوچەی ئەلەندی سەر بە شاری خۆی لەلایەن باوکی و دوو برایەوە پاش ئەوەی کە "سەریان تاشیوە و ئەشکەنجەیان داوە" بە بیانووی "پاراستنی نامووس و شەرەف" کوژرا.
بەپێی هەواڵێکی رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ، رۆژی هەینی ڕابردوو ژنێکی تەمەن (٢٨) ساڵان بە ناوی مریەم سولەیمانی و خەڵکی گوندی (قەزەڵ ئاخ)ی ناوچەی ئەلەند سەر بە شاری خۆی لەلایەن باوک و براکانییەوە کوژراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار" پاش بڵاوکردنەوەی گرتهیهكی ڤیدیۆی تایبەت و تاکە کەسی لە مریەم سولەیمانی، باوکی مریەم پاش ئەوەی کە بانگی کردووەتەوە بۆ ماڵی خۆیان، هاوکات لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا (براکانی مریەم) سەری کچەکەیان تاشیووە و دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر، ناوبراویان هەڵواسیوە".
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" ژنەکە دایکی سێ منداڵ بووە و یەکێک لەو ژنانەی کۆمەڵگەیە کە هەر بە منداڵی، واتە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەشوو دراوە و هەر لەو کاتەوە لەگەڵ شووەکەیدا لە ناوچەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی ژیاون".