وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند" پارەی نەوت هەیە و موچەی مانگی چواری پێدابین دەکەین."
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئاڕ تیی رایگەیاند" لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گفتوگۆ دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەی نەوتەی لە مانگەکانی پێشوو فرۆشراوە بۆ ئەوەی موچەی مانگی چواری پێ تەواو بکەن".
هەروەها وتیشی " لەبارەی پارەی نەوت بە چەند سلفەیەک دەگەڕێتەوە و هەمووی بە یەکجار ناگەڕێتەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە هەماهەنگیدان بۆ ئەو بابەتە".
هونەر جەمال وتیشی "تاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت هیچ شتێک روون نییە، ناتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان دەچێتە ناو سەقامگیری ئابورییەوە."
راشیگەیاند، "ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لەم رێککەوتنەدا پرسی نەوت چارەسەر کراوە و رێککەوتن هەیە، هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و خاڵی ئەرێنی باش لە نێوان هەرێم و عێراقدا هەیە و هیوادارین چیتر موچە نەبێتە بابەتی میدیایی و کار لەسەر بوژانەوەی ژێر خانی ئابووری هەرێم بکرێت."
لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دا و بەدیاریکراوی لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیندا کێشەی گەورە نەبوونی نەختینە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان دروستبوون.