کەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ ئاسمان بەشێوەیەکی گشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" ئەمڕۆ کاریگەری دابارین سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات بەشێوەی تاوە باران و هەورە بروسکە دەبێت و پێشبینیش دەکرێت رێژەی دابارین بڕێکی مامناوەند بێت، هەروەها کاریگەری دابارین لە کاتەکانی ئێوارە کەمدەبێتەوە و تەنها لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم نەبێت تاوەکو سبەی سێشەممە دەمێنێتەوە، پلەکانی گەرماش یەک تا سێ پلە دادەبەزن و خێراى با (٢٠ - ٣٠) کم دەبێت و مەودای بینین (٦ - ٨) کم دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەوردا دەبێت و دابارین لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوامی دەبێت بەشێوەی نمە باران، لەکاتەکانی ئێوارە دابارینەکە دەگۆڕیت بۆ تاوە باران و هەورە بروسکە، بە تایبەتیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، کاریگەری شەپۆلەکەش لەکاتەکانی درەنگانی شەودا کۆتایی دێت و کەشەکە جێگیر دەبێتەوە.