بارزانی‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی‌ هه‌ولێر‌و دهۆك لاده‌بات

‌بارزانی‌
مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، چه‌ندین فه‌رمانده‌‌و به‌رپرسی‌ سه‌ربازیی‌ له‌ناوچەی‌ هه‌ولێر‌و دهۆك له‌كاره‌كانیان دورده‌خاته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی‌ رووداوی‌ نزیك له‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌زاری‌ سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەوه‌ گواستیه‌وه‌ كه‌  بەپێی فەرمانی مەسعود بارزانی لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوە پێكدێت لە سێ كەس، ئەویش "حاكمێك، كە بەڕاستی حوكم دەكات و تەواوی دەسەڵاتەكانی هەیە، هەروەها نوێنەری بارزانی و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی لەشكری كوردستان (فەلەك)ی تێدایە".

ئەو سەرچاوەیە باڵایە، كە ئاگاداری وردەكاریی گۆڕانكاری و سزادانی ئەفسەرە باڵاكانی نێو هێزی پێشمەرگەیە، كە بوونەتە هۆی شكستی پێشمەرگە بەرامبەر چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە ناوچەی شنگال و زوممار، دەڵێت"هەندێك گۆڕانكاری و لادانی فەرماندە سەربازییەكان دەستیپێكردووە و هەندێكی دیكەش بەمنزیكانە دەستپێدەكات".

سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ رابردودا ناوچه‌كانی‌ مه‌خمور‌و شه‌نگال‌و ده‌وروبه‌ری‌ كه‌وتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی‌ داعش، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ "بڕیاروایە عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی زێرەڤانی بگۆڕدرێ، چونكە بەشێكی هەرە زۆری ئەو هێزەی شكستی هێنا لەو شەڕەدا سەر بە زێرەڤانی بووە".
 بەڵام عەزیز وەیسی بێئاگایی خۆی لەو بڕیارە دەربڕیوه‌و به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ رایگەیاندوه‌ "تاوەكو ئێستا كەس لەوبارەیەوەلەگەڵ من قسەی نەكردووە و ئاگاداری ئەو هەوڵانەش نیم".

تاوەكو ئێستا بەپێی ئەو گۆرانكارییانەی كە كراون، سەرەتا سەعید كێستەیی، فەرماندەی سوپای یەكی زێرەڤانی لادراوە و پێشنیازكراوە سمێ بۆسەڵی، فەرماندەی هێزی 18، سەر بەسوپای یەك لە شوێنی سەعید كێستەیی دابنرێت.

سمێ بۆسەڵی، دوای رووداوەكانی شنگال، وەك كوردێكی ئێزدیی خەڵكی شنگال و دەوروبەری رووی لە چیای شنگال كرد و هەر لەوێ مایەوە، بەڵام فەرماندە سەربازییەكانی دیكەشوێنی خۆیان چۆڵكرد و هاتنە زاخۆ.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوە باڵایەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، گەورەترین گۆڕانكاری لەنێو فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگەدا كراوە. ئەندامێكی لیژنەی گۆڕینی فەرماندەكانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی دهۆكیش بەرۆژنامه‌كه‌ی‌  وتوه‌ "هەریەكە لە فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی هەولێر، حاجی شەوكەت و جێگرەكەی و بەرپرسی رێكخستن و دارایی و میرە و لیواكان تاوەكو فەرماندەی بەتالیۆنەكانیش لادراون". دەربارەی چارەنووسی فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی هەولێر و جێگرەكەشی، وتی "بڕیاردراوە ببنە ئەندامی میحوەری مەخموور".

ئەو ئەندامەی لیژنەی گۆڕین، كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتویه‌تی "هەریەكە لە سەعدی عەلی بڕنۆ و مەریوان كەریم ئاغا، پێشنیازكراون بۆ فەرماندەیی فەرماندەیی گشتیی هەولێر، بەڵام مەریوان كەریم ئاغا چانسی بەهێزتری هەیە بۆ ئەو پۆستە".

هەروەها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ "ئەمجارە دوو جێگر بۆ فەرماندەیی گشتیی هەولێر دانراون، كە ئەوانیش ئەرسەلان مام وەسوو دزەیی و سەردار مورتكەن. هەروەها فەیزووڵڵا مەنتكیش بۆ پۆستی بەرپرسی رێكخستنی فەرماندەیی دانراوە”. ئاشكرایكردوه‌ "ئیسماعیل دەست گەورە و زریان شیوعیش كراونەتە فەرماندەی لیوا لە فەرماندەیی گشتیی هەولێر".

عەبدولڕەحمان كەورینی، فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك، دەربارەی گۆڕانكارییەكانی نێو ئەفسەرە پلە باڵاكانی پێشمەرگەوە وتویه‌تی‌ "ئەوەی من لادان نییە، بەڵكو رەنگە شوێنەكەی من بدرێ بە كەسێكی دیكە كە بەوەكاڵەت ئەو پۆستەم وەرگرتووە. منیش دەچم بۆ پۆستێكی باڵاتر".



AM:10:07:08/09/2014