لە شاخی گۆیژە هێرشدەکرێتە سەر ژنێک و سوکایەتی پێدەکرێت (ڤیدیۆ)

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت" دوو کەس بە تۆمەتی سوکایەتیکردن و هێرشکردنە سەر ژنێک و ڤیدیۆکردنی دەستگیرکران". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ژنێک لەسەر دزرانی مۆبایلەکەی سکاڵای یاسایی تۆمار کرد، هێزەكانیان لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا دوو هاوڵاتی دەستگیربکەن و دەستبگیرێت بەسەر مۆبایلەكەیاندا.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە یەکێک لە "تۆمەتبارەکان" چەند جارێك هەستاوە بە سوكایەتیكردن و هێرشەكردنە سەر ژنەكە و لە گرتەیەكیشدا لە شاخی گۆیژە کە (بە‌ یە‌كیك لە‌ شوێنە‌ گە‌شتیاریە‌كانی شاری سلێمانی دادەنرێت) لەلایەن "تۆمەتباری" دووەمەوە تۆماركراوە دەركەوتووە كە "تۆمەتبار" سوكایەتی بە ژنەكە دەكات و تەقەی بەسەردا دەكات.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە" هەردوو تۆمەتبار (ش، س، ع) لە دایكبووی‌ (١٩٩٩) و (ر، ح، ق) لە دایكبووی‌ (١٩٩٧) بە بڕیاری‌  دادوەر ڕاگیراون‌ و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە". 


PM:12:41:08/05/2023