ئەمڕۆ 15 هەزار و 728 كەس تاقیكردنەوەی توانستی زانستییان كرد بەمەبەستی بەدەستهینانی دكتۆرا و ماستەر.
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا 15 هەزار و 728 كەس تاقیكردنەوەی بەدەستهینانی بڕوانامەی باڵا دەكەن، دەیانەوێت رێگربن لەچونەدەرەوەی ئەو سەرمایەی مادی و مرۆیەی هەیە و ئەو توانا زانستییە لە هەرێمی كوردستان و لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە بیخەنە خزمەتی خوێندكاران لە زانكۆكاندا.
ناوبراو وتویەتی "هاوڵاتیان و خوێندكاران دڵنیا دەكەینەوە دادپەروەری لە تاقیكردنەوەكاندا دەكرێت و بەهیچ جۆرێك دەستێوەرنان قبوڵ ناكەین داوا لە مامۆستایان و لیژناكانی چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەكەین پابەندی ڕێنمایی و یاساكان بن و پێشیلییان نەكەن".
ئارام محەمەد باسی لەوەشكرد، ئەو مامۆستایانەی كە چاودێری هۆڵەكان دەكەن تا پلەی چوار هیچ جۆرە خزمایەتیەكیان لەگەڵ خوێندكارانی ناو هۆڵەكەدا نیە، ئەوەش لە پێناو دروستكردنی شەفافیەت و دادپەروەری و یەكسانییە، هەروەها دروستكردنی متمانە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان.