شەڕ لەنێوان پژاك و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئیران دەستی پێكردووە


لە ناوچە سنوریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، شەڕ لە نێوان هێزەكانی (پژاك و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران) دەستی پێكردووە.

دەنگی ئەمەریكا بڵاویكردەوە "شەڕەكە لە كاتێكدا بووە ئێران هێزێكی زۆری هێناوەتە ئەو سنورانە، خەریكی دروستكردنی ڕەبایە و بنكەی سەربازی بووە. بەڵام هێزەكانی پژاك ڕێگریان كردووە و بە هۆیەوە شەڕ ڕوویداوە و سەربازێكی ئێران كوژراوە".

لەو بارەیەوە ئەرسەلان یار ئەحمەدی، وتەبێژی ڕێكخراوی هەنگاو بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە "شەڕەكە لە دوێنێوە دەستی پێكردووە، تیایدا سەربازێكی ئێرانی كوژراوە، ئەمڕۆش لە سەعات 12ی نیوەڕۆوە (بەكاتی هەولێر) پێكدادانەكە بە چڕی دەستی پێكردۆتەوە و ئێران سنورەكە تۆپباران دەكات، بۆ ئەمەش سودی لە درۆنی خۆكوژ وەرگرتووە."

یارئەحمەدی وتی "ئێران لەگەڵ هێزدا گرێدەرو شۆفڵ و ئامێری چاككردنی ڕێگەو بانی ‌هێناوە، دەیەوێت لەسەر شاخەكان ڕەبایەی نوێ لێبدات و پژاك ڕێگەی نەداوە ڕەبایە لێبدەن بۆیە شەڕ دروستبووە. لە سنورەكانی پیرانشار و بانە و سەردەشتیش هێزیان هێناوە، بە تایبەت لە مەریوان هێزێكی زۆر هێنراوە بە چەك و تەقەمەنیەوە."

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان  ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە "سەرباری ئەوەی لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێراندا لە دۆخی بێ چالاكیداین، بەڵام هێرشی داگیرگەری ئێران بەشێوەی جیاجیا بۆ سەر هێزەكانمان بەردەوامە، لە ئەنجامی پێكدادانێكدا سەربازێكی ئێران كوژراوە و تا ئێستا هیچ زیانێك بەر ‌هێزەكانمان نەكەوتووە".



PM:07:44:13/06/2023