"گواستنەوەی هێزەکانی کوردستانی ئێران بۆ کامپەکانی هەرێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"

دوای فشارە بەردەوامەکانی ئێران بۆسەر حکومەتی هەرێم بە مەبەستی چەککردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کامپێک کۆ بکاتەوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵای کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە حزبە کوردیەکان کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە حکومەتی هەرێم لەوە زیاتر ناتوانێت بەرپرسیارێتی پاراستنیان هەڵبگرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کامپێک دروست دەکرێت و دەبێت تێیاندا نیشتەجێ بن". 

وتیشی" بڕیارەکە بەو جۆرەیە، لە ماوەی شەش مانگدا، لە سنوری سلێمانی یەک کامپ و لە سنوری هەولێریش دوو کامپ دروست دەکرێن بۆ نیشتەجێکردنی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران". 

ڕاشیگەیاند" ئە بڕیارە ناڕەزایەتی لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانمانی لێکەوتۆتەوە، سەرکردە سەربازیەکانمان ناچنە ژێر باری ىڕیاری چەک دانان و کامپنشین کردن، ئێمە خەباتی پارتیزانی دەست پێدەکەینەوە و دەگەڕێینەوە چیاکان، بەڵام ناچینە ژێر خواستی داواکاریەکانی ئێران". 

هەروەها لای خۆشیەوە نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران وتی" ئێمە چەندین جار وتومانە ئەگەر ئەم حزبانە چالاکیەکانیان مەحدود نەکەن ئێران وازیان لێناهێنێت، بەڵام هەندێک باوەڕ ناکەن و نایسەلمێنن وا دەزانن ئێمە دژی هێزە کوردیەکانین، لە کاتێکدا ئێمە کاتێک یارمەتی کوردی ئێرانمان دەدا ئەوان هەر نەبوون". 

بەرپرسێکی دیکەی باڵای کۆمەڵە کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەو ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر بدات لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بەڵام دەڵێت" لە دۆخی هەرێمی کوردستان تێدەگەین، ڕەچاوی فشارەکانی سەر حکومەتی هەرێم دەکەین". 

هەر لەمبارەیەوە خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد" فشارەکانی ئێران بۆ چەککردنی هێزە کوردیەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە، بەڵام فشاری ئەمجارەی ئێران جیاوازە لە جارەکانی تر، ماوەی ساڵێکە فشار لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە لەلایەن ئێرانەوە، داوای چەککردنی هێزە کوردیەکانیان لێدەکات، داوایان لێدەکات بخرێنە کامپ، تەنانەت داوای ئەوەشیان کردووە کامپەکان لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدا بێت، بەڵام ئێستا ئێران فشارەکانی چڕترکردۆتەوە بۆ ئەو مەبەستە". 

هاوکات ئەرسەلان یار ئەحمەدی وتەبێژی ڕێکخراوی هەنگاو بە دەنگی ئەمەریکای وت" بەو هەڵوێستانەی لە حزبەکان بینیومانە و ئەوان پشتیوانیەکی بەهێزیان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵات هەیە و بە ئەستەمی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەو حزبانە لە ناو کامپ کۆ بکاتەوە، ئێران هێزێکی زۆریشی لە سنورەکانی پیرانشار، بانە، سەردەشت و مەریوان کۆکردۆتەوە و خەریکی دروستکردنی ڕەبایەیە، بەو هۆیەشەوە لەگەڵ هێزەکانی پژاک پێکدادان دروستبوە و سەربازێکی ئێرانیش کوژراوە". 

وتیشی" بە پێی هێنانی ئەو هێزەی ئێران بێت بۆ سەر سنورەکان، کە چەکی جۆراو جۆریان پێیە، پێدەچێت ئێران نیازی هێرشکردنی هەبێت بۆسەر هێزە کوردیەکان". 



PM:08:54:14/06/2023