بەرپرسێکی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئامادەنین لەگەڵ واقیعی ئێستای یەکێتیدا هاوپەیمانبن، بەمەش یەکێتی و پارتی بە دوو لستی جیاواز و نەوەی نوێ لیستی خۆی، ئیسلامییەکانیش ئەگەر زۆرە لیستێکیان هەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هەڵبژاردنەی کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٣ ی پارێزگاکانی عێراق چارەنووس سازە بۆ کورد.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی رووداو وتی " پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ یەک لیستیی لایەنە کوردستانییەکانە، بەڵام هەندێک دۆخی نێوخۆیی تایبەت، رێگرە لەوەی کە کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات''.
لە درێژەی قسەکانیدا، محەممەد کەمال، دەڵێت: ''لایەنێکی کوردی، دەستی لە دانانی ئەو پارێزگارەدا هەبووە؛ ئەو لایەنە دەستی لە شێواندنی دۆخی کەرکووکیشدا هەبووە لە ١٦ـی ئۆکتۆبەردا و بێگومان هەر ئەو لایەنەش مامەڵە لەگەڵ راکان جبووریدا دەکات و بەو شێوەیەی کە ئێمە بایکۆتمان کردووە، ئەوان بایکۆتیان نەکردووە.''
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، ئیدارەی کەرکووک لەلایەن راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت کە زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان لێی ناڕازین.
بڕیارە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە کورد بە فرە لیستی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات.
رۆژی شەممە، ١ی تەموز تۆمارکردنی لیستی هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکان دەستیپێکردووە و ماوەی یەک مانگ لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن.