بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، "لە ساڵی رابردوو ٢٥٠ ملیار دیناری خەرجی ناپێویستمان کەمکردووتەوە و لەسەدا ٨٠ی داهات بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکارهاتووە."
محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، رایگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمدا بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، خەرجییە ناپێویستییەکان کەمکراوەتەوە و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابینیکردنی مووچەی فەرمانبەران بەکارهاتووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان کاغەز بەکار ناهێندرێت و سیستمی ژمێریاریمان بە دیجیتاڵی کردووە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵکردنی سیستەم بووە لە پێناو کەمکردنەوەی رۆتین و بەڕێوەچوونی کارەکان بە شیوازێکی شەفاف و باشتر.