ساڵح موسلیم رەتیدەكاتەوە داعش چەند گوندێکی رۆژئاوای گرتبێت

‌ساڵح موسلیم

ھاوسەرۆكی پەیەدە رایده‌گه‌یه‌نێت، دەنگۆی دەستبەسەر داگرتنی 16 گوند لە لایەن داعش راست نییە و شەڕوپێكدادانیش لە گوندەكانی كۆبانی بەردەوامن.

ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگەیاند: شەڕو پێکدادان لە رۆژئاوا بەردەومە، بەڵام ھیچ گوندێك نەكەوتووەتە دەستی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

موسلیم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "دەنگۆی كۆنتڕۆڵکردنی 16 گوند لە كۆبانی لە لایەن داعشەوە راست نییە، ئەو ھەواڵە درۆیە، راستە شەڕوپێكدادان لە گوندەكانی كۆبانی بەردەوامن، بەڵام ھیچ یەكێك لەو گوندانەی باس دەکرێ نەكەوتوونەتە دەستی داعش."

سەرۆكی پەیەدە لە وەڵامی پرسیاری "ئایە لە چوارچێوەی بەرەنگاری داعشدا، ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا، چەك بە یەكەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی سەر بە پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) دەدەن؟" گوتی: "تا ئێستا دیار نییە."

پێشتر كۆمیتەی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سوریا كە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە رایگەیاند چەكدارانی داعش 21 گوندی كوردیان لەشاری (عین العرب) لە باكوری رۆژهەڵاتی حەڵەب كۆنترۆڵكردوە.




PM:03:32:18/09/2014