زانیاری گرنگ سەبارەت بە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما راگەیەنرا


بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا بەگشتی پلەكانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەكەن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە "ناوچەكانمان دەكەوێتە ژێر كاریگەری یەكەم بارستە ھەوای فێنكی ئەم وەرزەوە بەھۆی چالاكبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەكەوە لەسەر رۆژھەڵاتی دەریای ناوەراست كە لە رۆژی ھەینیەوە ٢٥ی ئاب كاریگەریە سەرەتایەكانی دەردەكەوێت و پلەكانی گەرما لەسەرجەم ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان ٣ بۆ ٤ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی گەرما دووردەخاتەوە لەسەر ناوچەكانمان، پلەكانی گەرما بەھۆی گەیشتنی سەنتەری ئەم بارستە ھەوایەوە لەناوەراستی ھەفتەی داھاتوودا نزمبوونەوەیەكی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت پێشبینی دەكرێت بەرزترین پلەكانی گەرما بەم شێوەی خوارەوە لەماوەی ھەفتەی داھاتوودا  نزم ببنەوە".

ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە لەسەرەتای ھەفتەكەدا پلەكانی گەرما بەم جۆرە دەبن (ھەولێر ٤١ بۆ ٤٢ پلە، سلێمانی ٣٩ بۆ ٤٠ پلە، دھۆك ٤٠ بۆ ٤١ پلە، كەركوك ٤٢ بۆ ٤٣ پلە، گەرمیان ٤٣ بۆ ٤٤ پلە)، هەروەها لەناوەراستی ھەفتەدا (ھەولێر ٣٩ بۆ ٤٠ پلە، سلێمانی ٣٧ بۆ ٣٨ پلە،
دھۆك ٣٨ بۆ ٣٩ پلە، كەركوك ٤٠ بۆ ٤١ پلە، گەرمیان ٤٢ بۆ ٤٣ پلە).




PM:11:12:22/08/2023