شارەزایەکی کەشناسی وادەی شەپۆلێکی فێنک وبارانبارینی دیاریکرد

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات، لەرۆژانی ١٢ و ١٣ی ئەم مانگە لەناوچەكانی باكوری كوردستان و ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ئیدارەی راپەرین، هەورە بروسكە و  بارانی كورت خایەن بەرێژەی جیاواز ببێت. 

ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری كەشناسی ڕاگەیاند" لەدوای ئەوەی ماوەی ڕابردو بەهۆی دروستبونی نزمەپاڵەپەستۆیەكی قوڵ لەسەر دەریای ناوەڕاست شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین وڵاتی یۆنانی گرتەوە و لە زۆر ناوچەدا لافاوێكی گەورە و مێژویی دروستبوو، ئەمەش بەهۆی گەرمبونی بەرچاوی دەریاكە لەماوەی هاوینی ئەمساڵ كە زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە بەهەڵمبون زیاترە وزە و شێیەكی زیاتر بۆ شەپۆلەكان دابین دەكات".

شاڵاو هیدایەت دەڵێت، "بەهۆی كاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لە سبەی یەكشەممە بەدواوە بارستە هەوایەكی فێنك لەدەریای لەناوەڕاستەوە هەڵدەكاتە سەر وڵاتانی شام و دواتریش لە رۆژانی ١٢ و ١٣ی ئەم مانگە كاریگەریەكانی درێژدەبێتەوە بۆ سەرناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پلەكانی گەرما بەڕاورد بە كاتی ئێستا بەرێژەی ٢-٣ پلە نزمبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینن".

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بوونی هەوای سارد و شێی پێویست لە بەرزایەكانی سەرەوەی هەوادا هەر لەرۆژانی 12 و 13ی مانگ لەناوچەكانی باكوری كوردستان و ناوچەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك و ئیدارەی راپەرین بەتایبەتیش ناوچە شاخاویەكان ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هاوشێوەی حاڵەتەكەی ڕابردو لەهەندێك ناوچەدا پێشبینی چالاكبوونی هەورە بروسكە و تاوە بارانی كورت خایان بەرێژەی جیاواز دەكەین.



PM:04:27:09/09/2023