سپی بیرۆکەکانی پرۆژەکەی عەلی باپیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارێزگای سلێمانی بڵاودەکاتەوە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەی رۆژی ٢١ی ئەیلولی لەسەر داوای ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دواخست بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی حیزبەکان ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئیسلامی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دواخرا بۆ ١٤ تشرینی یەکەم لەسەر داوای کۆمەڵی ئیسلامی.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کۆمەڵێک بیرۆکەی هەیە لەسەر دابەشکردنی سەرجەم پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی و بەنیازە سەرەتا لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتوو محەمەد فەرەج باسی بکات و بیکەنە پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سلێمانی و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی گونجاو.

سەبارەت بە پرەنسیبەکانی دابەشکردنی پۆستەکان، سەرچاوەکەی سپی سەرباری ئەوەی جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتا هەر بیرۆکەیە، بەڵام بیرۆکەکە هەڵگری جۆرە تێڕوانینێکە کە دابەشکردنی پۆستەکان جۆرە دادوەرییەکی تێدابێت.

وەک بیرۆکەی سەرەتای پرۆژەکە" ئەگەر پارێزگاری سلێمانی درا بە یەکێک لەو دوو لایەنە، ئەوا لایەنەکەی تر جگە لە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری هەڵبجە، هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانیشی پێبدرێت".

هەروەها بەپێی زانیاریەکانی سپی بیرۆکەیەکی تری پرۆژەکە بەو شێوەیەیە، ئەو لایەنەی پارێزگاری پێدەدرێت، لەکۆی قائیمقامەکانی سلێمانی، جگە لە پشکی لایەنەکانی تر، قائیمقامیەتێک کەمتر وەربگرێت. 

سەرچێ‌وەکەی سپی باس لەوە دەکات کە پاش ئەوەی پرۆژەکە گەڵاڵە کرا لەکۆبوونەوەیەکی سەرکردەی حیزبەکان یەکلایی دەکرێتەوە.    




PM:03:50:22/09/2014