١٤ كەس بەتۆمەتی كەمتەرخەمی كە بووەتە هۆی ئاگرەكەی حەمدانییە دەستگیركراون و بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا.
ئەمڕۆ عەبدوڵا جبوری، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوا بە میدیا عەرەبییەكانی راگەیاندووە، بەهۆی رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانییە ١٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥٠ كەسی دیكەش بریندار بوون.
جبوری روونیكردۆتەوە، دوای لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بۆیان دەركەوتووە هۆكاری ئاگرەكە یاری ئاگرین بووە كە بەشیوازێكی نادروست بەكارهێندراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، ٩٠٠ كەس لە هۆڵەكەدا هەبوون و بەهۆی ئاگرەكەوە ١٠٠ كەسیان گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی بچوكی دەرگای هۆڵەكەشەوە بەشێكی زۆری ئامادەبووان نەیانتوانیوە لە هۆڵەكە بچنە دەرەوە.
ئەو بەرپرسە وتویەتی "هۆڵەكە هیچ مەرجێكی تەندروستی و سەلامەتی تێدا نەبووە و ١٤ كەس لە بەڕیوەبەران و خاوەنی ئەو هۆڵە دەستگیركراون و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".