سلێمانی.. دوو کەس بە تۆمەتی سێحر و جادوو دەستگیر دەکرێن

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە" لە هەڵەبجە و بازیان دوو کەسیان بە تۆمەتی سیحر و نووشتە و جادوو دەستگیرکردووە، کە بوون بە هۆکارێک بۆ تێکدانی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان".
 
رۆژی شەممە، ٢٨ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە"  بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە پارێزگای هەڵەبجە و قەزای بازیان، بە تۆمەتی فریودان و سیحر و نووشتە و جادوو، دوو کەسیان دەستگیرکردووە".
 
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" تۆمەتبارەکان هەوڵیانداوە لە رێگەی سیحر، نووشتە و جادووەوە، هاووڵاتییان فریو بدەن و ببنە هۆکارێک بۆ تێکدانی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان".
 
هەروەها ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە" لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیرراوە بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت و چەندین کەرەستە و پارچە جلوبەرگ کە بۆسێحر و جادوو بەکارهێنراون".
 
تۆمەتبارەکان  لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.



PM:07:14:28/10/2023