د. به‌رهه‌م:پارتی‌و یه‌كێتی ئیدی به‌ته‌نیا حاكمی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته نه‌ماون
د.به‌رهه‌م
د. به‌رهه‌م له په‌یوه‌ندییه‌ی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی نیگه‌رانە "چونكه بڕیاری سیاسی كورد به‌هۆی ناكۆكی ئه‌و دوو حزبه‌وه دابه‌شبووه‌و پێویسته زوو فریای بكه‌وین، هه‌روه‌ك ده‌بێت گۆڕانكاریی له حوكمڕانی بكرێت و ناكرێ خزم خزمێنه به‌رده‌وام بێت و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌كیش پارتی یان یه‌كێتی بێت، ئێستا پارتی و یه‌كێتی ئیدی به‌ته‌نیا حاكمی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته نه‌ماون".
له چاوپێكه‌وتنێكدا كه له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی رووداودا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌و بڕیاره شه‌وی سێشه‌ممه‌ش له كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو بڵاو بكرێته‌وه، د.به‌رهه‌م رایگه‌یاند: هێرشی داعش بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانكراوبوو.
ده‌شڵێت: ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانوت داعش كێشه‌ی كورد نیه خوێندنه‌وه‌ی ته‌واویان بۆ هاوكێشه سیاسیه‌كان نه‌بوو، هه‌روه‌ك تووشی غرور ببون.
به‌وته‌ی د.به‌رهه‌م، هه‌ڵه‌یه كورد رۆڵی ئێران له‌به‌رچاو نه‌گرێت و بیه‌وێت له‌به‌غدا دوور بكه‌وێته‌وه، وتیشی: "هاوكێشه‌ی ناوچه‌كه گۆڕاون و هاوكێشه‌ی ناوخۆی هه‌رێمیش چوه‌ته قۆناغێكی نوێوه كه ئیدی یه‌كێتی و پارتی به ته‌نیا ناتوانن حاكمه‌كه‌ی جاران بن و بێمنه‌تانه ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن".
به‌وته‌ی د. به‌رهه‌م، "پێشبینی ده‌كرا دره‌نگ یا زوو داعش بێته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌بوو هات، چونكه داعش كێشه‌یه بۆ كوردستان و شیعه‌و سوننه‌و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، كوردیش به‌شێكه له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
د. به‌رهه‌م رایگه‌یاند، "ئێستا پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا به‌وشێوه‌یه‌ی كه هه‌یه دنیایه‌ك پرسیار هه‌ڵده‌گرێت، چونكه حكومه‌ته‌كانی پێشووی عیراق هه‌مووی له كوردستان پێكده‌هاتن، به‌ڵام كورد ئه‌مجاره له پێكهاتنی حكومه‌تدا غایب بوو".
د. به‌رهه‌م ره‌خنه له‌و كه‌سانه ده‌گرێت له هه‌رێمی كوردستانن و داوای عیراقێكی نائارام ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: "كورد عیراقێكی ئارام و دۆستی پێویسته، هه‌روه‌ك كورد له‌گه‌ڵ عیراق بێ یان ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ش كه ده‌ڵی ئه‌گه‌ر به‌غدا لاواز بێت بۆ كورد باشه و توانه‌وه‌ی سوپای عیراق له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورده، بیركردنه‌وه‌یه‌كی راست نیه".
د. به‌رهه‌م ئه‌وانه به‌خائین و خۆفرۆش له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات كه ئه‌گه‌ر پێشنیازی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبێت بۆ مالیكی، ده‌شڵێت: "یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كاری واناكات، ئه‌گه‌ر راست بێت و ههربهرپرسێكی كورد پێشنیازی بڕینی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی كردبێت، ئه‌وا خائین و خۆفرۆشه و ئه‌مه‌ش كاری یه‌كه‌م و كۆتایی خیانه‌ت نابێت".
د. به‌رهه‌م داوا ده‌كات كورد به ته‌نیا پشت به توركیا نه‌به‌ستێت و رایگه‌یاند: "به‌رامبه‌ر توركیا هێزی دیكه‌ش له‌ناوچه‌كه هه‌ن بۆ كورد گرنگن، ئه‌گه‌ر كورد سه‌ربه‌خۆیی بوێت، ته‌نیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا به‌س نیه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێرانیش گرنگه كورد په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌هێزبكات، هه‌روه‌ك ده‌بوا كورد ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غداو ئێرانیش هه‌یبوایه".
وتیشی: "بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرا كه ده‌بێ هێزی پێشمه‌رگه بكرێت به‌هێزی نیشتمانی، كه‌چی ته‌نیا هێزی پارتی و یه‌كێتین و ده‌وڵه‌تی كوردی پێویستی به هێزێكی نیشتمانیه و به‌و هێزه‌ی ئێستا هه‌یه ده‌وڵه‌تی كوردی دروست نابێت، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ته‌نانه‌ت دابه‌شبووه به‌سه‌ر هێزی فلان و فیسار و بگره خراپتریش".
له‌باره‌ی پێشنیازێكی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق، د. به‌رهه‌م ئاشكرایكرد: "مالیكی له‌به‌غدا به‌منی وت ده‌توانین له‌گه‌ڵ یه‌كێتی حكومه‌تی عیراق پێكبێنین، به‌ڵام به مالكیم وته‌وه گره‌و له‌سه‌ر یه‌كڕیزی كورد مه‌كه، چونكه كورد بۆ هاتنی بۆ نێو حكومه‌تی عیراق دابه‌ش نابێت".
د. به‌رهه‌م له هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی رووداودا ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: كاتی ئه‌وه‌نیه باس له كێشه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی بكرێت، هیواشی خواست كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتی "شه‌رعی و راسته‌قینه" بێت، هه‌روه‌ك ده‌بێت یه‌كێتی و گۆڕان به‌ته‌وافوق رێز له‌ئیراده‌ی ده‌نگده‌ر بگرن وكێشه‌كانیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه".
PM:01:47:29/09/2014