فارس عیسا: هەفتەی داهاتوو ٧٠٠ ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان

بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند "هەفتەی داهاتوو ٧٠٠ ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان".

فارس عیسا بەرپرسی  نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند "تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٠ مان رادەستی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی عێراقمان كردووە.

دەشڵێت "وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستمان بە رێككارە ئیدارییەكانی ناردنی بەشی سێیەمی ٧٠٠ ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، هەفتەی داهاتوو پارەكە دەخرێتە سەر هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان".

تایبەت بە ناردنی سێ مووچەی دیكەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فارس عیسا رایگەیاند" سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە نامەیەكدا داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، ئەو سێ مووچەیە هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق بنێرێت، چاوەڕێی وەڵامی بەغداین".




PM:08:41:22/11/2023