بڕیارە سەرجەم مامەڵە ناوخۆییەکان بکرێت بە دینار

بڕیارە بانکی ناوەندی سەرجەم مامەڵەکان بە دۆلار قەدەغە بکات و بە دینار مامەڵەکان دەکرێت کە تێێدا هاوڵاتیان سوودی لێدەبینن وهەروەها کاریگەری لەسەر نزمبوونەوەی نرخی کاڵا دەبێت.

نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بانکی ناوەندی لە مانگەکانی رابردو بڕیارێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دراوی دۆلار لە ناوخۆی عێراق".

نەوزاد کامیل رایگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی داهاتوەوە هەمان بڕیار جێبەجێ دەکات و مامەڵە ناوخۆییەکان لە سەرجەم ناوەندەکان دەکات بە دینار، تەنانەت هەندێک لە ناوەندە بازرگانییەکانی ئێستای هەرێمیش ئەو رێکارە جێبەجێ دەکەن و هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٢ هەزار دینار دەشکێننەوە".

هەروەها دەڵێت"  ئەو بڕیارە سودێکی کاریگەری دەبێت لە هاوتاکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار بەرامبەر بە دینار، هەروەها کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک و بازاریش دەبێت، هاوڵاتیانیش لێی سودمەند دەبن و کاڵایان بە نرخی هەرزانتر دەستدەکەوێت بەراورد بە ئێستا".

نەوزاد کامیل وتی" سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دراوی یۆرۆ و لیرە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا، هێشتا ئەو بڕیارە نوێیە و رێککەوتنەکان تازەیی لەگەڵ بانکی ناوەندی کراون، بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بزانرێت عێراق دەیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پاشان هەرێمی کوردستانیش توێژینەوەی لەسەر دەکات و جێبەجێ دەکات".
 




PM:06:46:05/12/2023