چەمچەماڵ داوا دەكات بكرێتە پایتەختی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان

‌چەمچەماڵ

ژمارەیەك رێكخراو‌و چالاكوانی مەدەنی چەمچەماڵ داواكارن شارەكەیان بكرێتە پایتەختی شەهیدان‌و ئەنفاكراوان‌و ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت هەوڵ بۆ ئەو كارە دەدات.

دوای ئەوەی لە 26 ساڵەی یادی تاوانی بەناو ئەنفالدا یەكێك لە داواكاری كەسوكاری ئەو قوربانیانە ئەوە بوو كە چەمچەماڵ نازناوی پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوانی لێبنرێت،  لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری كەسوكاری ئەنفالكراوان لە سنورەكەدا نیشتەجێن.
 دوای بریاری بە پایتەختكردنی هەڵەبجە وەكو پایەتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستان . جارێكی تر ئەو باسە لە نێو رێكخراوەكان و چالاكوانان و دەزگا حكومییەكان هاتەوە بەرباس و خواس، داوا دەكرێـت حكومەت و پەرلەمان رۆڵی خۆیان ببینن سەبارەت بەو داواكارییە رەوایەی كەسوكاری ئەنفالكراوانی سنورەكە .

هەورامان گەچێنەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ و ئەندامی لیژنەی پیشمەرگەو شەهیدان و جینۆساید لەپەرلەمانی كوردستان ، رایگەیاند" دوای ئەوەی چەند چالاكوانێك ئەو داواكاریانەیان ئاراستەی بەندە كرد وەكو ئەندامی ئەو لیژنەیە ، منیش بە داوایەكی رەوام بینی و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی خۆمی بۆ دەخەمە گەر بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی بۆ بنوسین و لە پەرلەمانی كوردستان قسەی لەسەر بكەین ، هەروەها وتیشی " من لە دوای پشووەكانی جەزنی قوربانی پیرۆز  پشتیوان بەخوا كاتێك دیاری دەكەم بۆ ئەوەی لیژنەیەك لە دانیشتیوانی چەمچەماڵی خۆشەویست لەنوێنەری سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان بێن لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان قسە بكەن ، بۆ ئەوەی دواتر واژووی پەرلەمانتاران كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی بیكەینە پرۆژەیەك و بیدەینە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ،

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەشكرد"  لێرەوە بەڵێن بە دانیشتوانی ئەو شارە خۆشەویستە دەدەم كە بەندە ئەركی ئەو كارە دەخەمە ئەستۆی خۆم و تا دوا هەناسە لەگەڵی دەرۆم بەو هیوایەین ناونانی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال بۆ چەمچەماڵ و سنورەكە كەمێك لە ئازار و مەینەتییەكانی دانیشتوانە خۆشەویستەكەی كەمبكاتەوە .



PM:09:20:01/10/2014