پێشەوا هەورامانی: دوای سەری ساڵ مامەڵەمان سەبارەت بە مووچە لەگەڵ بەغدا دەگۆڕێن

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" دوای پشووەكانی سەری ساڵ مامه‌ڵه‌مان سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌گۆڕین( بەڵام هیچ روونکردەوەیەکی نەداوە)، هۆشداریی ئەوەش دەدات كە ئارامیی حكومەت بەرامبەر بە ستەمی بەغدا لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سنووردارە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوای كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەم فشارەی لەسەر هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دروستكراوە، بەم شێوەیە بەردەوام نابێت و ئێستا كاتی هاتووە كە ئارامیی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەو دۆخە بوەستێت".

وتەبێژی حكومەت وتیشی" دوای پشووەكانی سەری ساڵ، شاندی هەرێمی كوردستان بە جۆرێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە بەشێوەیەكی بنەڕەتی، و ئەو مامەڵەیەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، تەوافوق و هاوبەشی و پابەندبوون بە دەستوور نییە و لەگەڵ هیچ ئایینێك و پرەنیسپێكی دیموكراسی و بنەمایەكی مرۆیی یەكناگرێتەوە".

بەوتەی پێشەوا هەورامانی، لە ئێستادا هیچ نیازێكی رژد لە حكومەتی فیدڕاڵ بەدیناكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ئەو مووچانەی كە ماوە حكومەتی فیدڕاڵ بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بینێرێت.

سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی كە پەیوەندییان بە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند" ئەم بابەتە هێشتا نەچووەتە ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەی لەسەر بكات، بەڵام بەگشتی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆران، رەنگە چیدیكە بەو شێوەیە مامەڵە نەكات و لە شوێنێكدا رابوەستێت ئەگەر بزانێت نیازێكی رژد بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە نییە".



PM:08:45:13/12/2023