ژنە چالاكوانێکی كوردی خەڵكی سنە و دانیشتوی تاران روئیا حیشمەتی لە خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران، بههۆی لابردنی حیجابهكهی بە لێدانی ٧٤ قامچی سزادرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه" ڕۆژی ٣ی ئهم مانگه سزای لێدانی ٧٤ قامچی بهسهر رۆیا حیشمەتی دوای بانگکرانی بۆ لقی یەکی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێکراوه، ناوبراو پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هۆکاری دژایەتیکردن لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ، سزاكهی بەسەردا سهپاندبوو".
ڕۆیا حیشمەتی لەبارەی جێبەجێكردنی سزاكەیەوە لە فەیسبوكی خۆی لەپەیامێكدا نوسیویەتی" پێش جێبەجێكردنی سزاكەی كارمەندی لقی جێبەجێکردنی سزاکان داوای لێكردووە لە چك بكات، بەڵام ئەم رەتیكردۆتەوە بۆیە هەڕەشەی ئەوەی لێكردووە كە توندتر قامچی لێبدات و دۆسیەیەکی نوێی بۆ بکاتەوە".
روئیا لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا وتویەتی" كارمەندانی ژن بە زۆر لە چكیان لەسەری کردووە و قامچییەكان لە شان، پشت، سمت، ڕان و لاقی دراون".