هیچ چەكدارێكی داعش نەگەیشتووتە ناو كۆبانی

‌كۆبانی

جێگری دەستەی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانی رایدەگەیەنێت كە هیچ چەكدارێكی داعش نەهاتووتە ناو كۆبانی‌و شەڕ بە توندی لە دەوروبەری كۆبانی بەردەوامە.

ئیدریس ناسان، جێگری دەستەی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانێ، بە رووداوی راگەیاند، کە  هیچ چەکدارێکی داعش نەهاتۆتە ناو کۆبانێ، بەڵام لە رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئاوای کۆبانێ شەڕ بەردەوامە و شەڕی قورسیش لە رۆژهەڵات و باشووریەتی.

سەرەڕای هێرشی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر پێگەکانی داعش، ئەو هێرشانە نەیانتوانیووە داعش لە هێرشبردن بخەن و کۆتایی بە گەمارۆدانەکەی داعش بۆ سەر کۆبانێ بهێنن.

لەبارەی مەرجەکانی تورکیا کە لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ ساڵح موسلیم، پێیان راگەیاندبوو هاوکاری تورکیا بۆ کۆبانێ بە سێ مەرج دەبێت، کە یەکەمیان دەبێت لە حکومەتی ئەسەد دووربکەنەوە، دووەم دەبێت واز لە خۆبەڕێوەبەری بێنن، سێیەمیانیش هیچ کارێک نەکەن ببێتە مایەی ئاڵۆزی لە سنووری تورکیا.

 ئیدریس ناسان، جێگری دەستەی دەرەوەی کانتۆنی کۆبانێ، رەخنەی لە هەڵوێستی تورکیا گرت و رایگەیاند ناکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ، خۆبەرێوەبەری کە لە زۆر لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستاندا هەیە، بخرێتە ناو ئەو باسەوە.

لەبارەی مەرجی دووەم کە تورکیا داوای لە موسلیم کردووە بە هەموو شێوەیەک خۆیان بە دوور بگرن لە رژێمی ئەسەد، ناسان گوتی "ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە رژێمی ئەسەدەوە نییە، بەڵام ئێمە لە دژی کۆماری سووریا نین، کۆماری سووریا لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دوو شتی لێک جیاوازن.

ناکرێت ئێمە کار بکەین بۆ لابردنی بەشار ئەسەد و رژێمێکی دیکە بێنینە سەر کار کە هیچ خواستێکی ئێمە قبوڵ ناکات".



PM:02:37:06/10/2014