خوێندکارانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی پەیامێک ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دەکەن و دەڵێن" داواتان لێدەکەین بە دەم جێبەجێکردنی داواکانمانەوە بێن، تا کار لە کار نەترازاوە، چونکە ئەمە دوا پەیام و دوا هۆشداری ئێمە دەبێت".
لە یاداشتنامەیەکدا خوێندکارانی نارازی زانکۆی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیان کردووە، ڕایدەگەیەنن" نامانەوێت خۆپیشاندان بکەین و بە گێرە شێوێن ناو ببرێین، بەڵام ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن و گوێمان لێنەگرن، خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەینەوە".
دەشڵێن" ئێمە لە بەرواری ١٣ی ١٢ی ساڵی ڕابردوو، وەکو خوێندکارانی ناڕازی زانکۆی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا و لە پێش ژمارەیەک کەناڵی ئاسمانیدا، داواکارییەکانی خۆمان ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد و تێیدا جەختمان لەوە کردەوە کە ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت کە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو، ئەوە هەڵوێستێکی دیکەمان دەبێت و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە نێو زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەنەوە".
ئەوەش هاتووە" ئێمە نامانەوێت خۆپیشاندان بکەین و دەوام پەک بخەین، نامانەوێت گرژی و ئاڵۆزی دروست ببێت و بە گێرەشێوێن و تێکدەر بانگ بکرێین، چونکە ئەوە بۆ ئاستی زانکۆکە باش نییە و ئێمە خەمخۆرێکی سەرسەختی زانکۆکەین و خەممانە کە ئاست و پلەی زانکۆکەمان داببەزێت، بەڵام کە ناچار کراین دژی حەز و ئارەزووەکانی خۆمان جووڵە و دەستپێشخەری بکەین و پێ لە جەرگ و دڵی خۆمان بنێین، ئەو کات کێ هەڵەیە؟، بێگومان ئەوانەی کە وا گوێیان لێنەگرتووین و پشتگوێیان خستووین! لەبەر ئەوە لە ناخی دڵەوە داواتان لێدەکەین، کە بەدەم چارەسەرکردنی کێشەکانمان و جێبەجێکردنی داواکانمانەوە بێن هەتا کار لە کار نەترازاوە، چونکە ئەمە دوا پەیام و دوا هۆشداری ئێمەیە".