دینار لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخێکی زۆر نزمی تۆمار کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ ٣٠ ی کانوونی دووەم نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەراورد بە بەیانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینی کە زیاتر لە مانگێکە دابەزینی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیووە.

لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی دراوی هەولێر بە ١٥٣ هەزار دینار بوو، لە سلێمانی ١٠٠ دۆلار لە کاتی داخستندا بە ١٥٢ هەزار و ٩٠٠ دینار بوو، بەیانی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار و ٤٠٠ دینار بوو.

ئەم بەرزبوونەوەیەی ئەمڕۆی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ئەمنییەی لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە دوای کوژرانی ٣ سەربازی ئەمەریکی و برینداربوونی ٣٤ سەربازی تر لەسەر سنوری ئوردون، لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوەو هەڕەشەی ئەمەریکا لە تۆڵەکردنەوەی بە‌هێز.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق لە خشتەی فرۆشی رۆژانەیدا بڵاویکردەوە کە تێکڕای فرۆشی دۆلار بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە ٢١٩ ملیۆن و ٧١٣ هەزار و ٦١٨ دۆلار بووە و لەو بڕەش ١٧ ملیۆن و ١٢٠ هەزار دۆلار بەشێوەی کاش فرۆشراوە، هەروەها فرۆشی حەواڵە ٢٠٢ ملیۆن و ٥٩٣ هەزار و ٦١٨ دۆلار بووە.  
 

PM:05:34:30/01/2024