د. جەبار قادر: لە عێراق دەستوور بە مینیۆی چێشتخانە دادەنرێت

ڕۆشنبیر و پسپۆڕێکی بواری مێژوو ڕایدەگەیەنێت" کەس لە عێراق بە عەرەب و کورد و هەموو ئەوانی دیکەشەوە نە گوێ بە دەستوور دەدات و نە باوەڕی بە دیموکراسی هەیە، چونکە تێگەیشتن لە دەستوور و سیستەمی دیموکراسی پێداویستی و مەرجی خۆی هەیە"، دەشڵێت" لە عێراق دەستوور بە مینیۆی چێشتخانە دادەنرێت و هەر هێز و گروپێکی بە توانا و خاوەن دەسەڵات ئەوەی لێ هەڵدبژێرێ کە حەزی لێیەتی". 

د. جەبار قادر ڕۆشنبیر و پسپۆری بواری مێژوو، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (بۆ دەبێت کورد داوای پارێزگاری نێودەوڵەتی بکات؟) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە" ئەزموونی دە پازدە ساڵی ڕابردوو ئەوەیان دەرخست کە کەس لە عێراق بە عەرەب و کورد و هەموو ئەوانی دیکەشەوە نە گوێ بە دەستوور دەدات و نە باوەڕی بە دیموکراسی هەیە، ئەمەش چاوەڕوان کراو بوو، چونکە تێگەیشتن لە دەستوور و سیستەمی دیموکراسی پێداویستی و مەرجی خۆی هەیە کە بەداخەوە هیچ لە مانە لەو وڵاتە و بگرە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ئارادا نین، کەسان و هێزی دیموکراتی لە نێو کۆمەڵگای عێراقیدا بە دەگمەن پەیدا بن و تا ڕاددەی نەبوون کەمن، بۆیە هەر کەسێ هێزی لە دەستدا بێت ئەو بەندانەی دەستوور دەسەپێنێ کە لە بەرژەوەندی ئەودایە". 

دەشڵێت" لە وڵاتانی دیموکراتی دەستوور پیرۆزە و هێچ کاربەدەستێک ناتوانێت لێی لا بدات و بە پەندەکانێوە پابەند نەبێت، بەڵام دەستوور لە وڵاتانی دیکتاتۆری و نادیموکراتیدا پڕن لە بەند و خاڵی ڕازاوە و دڵڕفێن، بەڵام کاربەدەستان و دەسەڵاتداران قەت بیر لەوە ناکەنەوە پێیانەوە پابەند بن، لە عێراق دەستوور بە مینیۆی چێشتخانە دادەنرێت و هەر هێز و گروپێکی بە توانا و خاوەن دەسەڵات ئەوەی لێ هەڵدبژێرێ کە حەزی لێیەتی، ئەگەر سەیری دەستووری دیکتاتۆرترین ڕژێمەکانی دونیا بکەیت سەرت سووڕ دەمێنێ لەو هەموو بەندە جوان و مرۆییانە، بەڵام ڕۆژانە لە سێبەریاندا هەزاران تاوانی ترسناک لە دژی هاووڵاتیانی بێ گوناە ئەنجام دەدرێن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کێ هەیە لە کوردستان ئەو ڕاستییە نەزانێت کە هیچ سەرۆک کۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا نەیتوانیوە یەک بڕیاری دژ بە کورد بگۆڕێت، هەڵبوەشێنێتەوە یا ڕێگر بێت لە دەرکردنی دەیان بڕیاری ستەمکارانە و نادادپەروەرانە لە ئەنجوومەنی شیعەکان و دادگای بەنێو فیدرالییەوە لە دژی گەلی کوردستان، ئەوەتا بە حەزی خۆیان گاڵتە بە ڕای خەڵک و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن و هیچ (کاربەدەستێک!)ی کورد ناتوانێت هیچ بکات لەوە زیاتر لە میدیاوە خەڵک بەوە هێور بکاتەوە و مزگینی ئەوەیان بداتێ کە (لە دوای هەوڵێکی زۆر و دوای ئەوەی فلان و فیسان هاتوونەتە سەر خەت توانیویانە جێبەجێکردنی بڕیارێکی پارێزگارێکی بەوەکالەت یا ئەفسەرێکی سوپای قادسیە ڕابگرن!).  

د. جەبار قادر ڕاشیگەیاندووە" ئەندامانی ڕەوتی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا دەربکرێن، کوردیش هەرجەندە باوەڕ ناکەم متمانەیەکی ئەوتۆی بە ئەمریکا مابێت، بەڵام دەزانێت هەتا سەرباز و ڕاوێژکاری ئەوان لە کوردستان و عێراق هەبن، ئەوانەی چەقۆی بۆ تێژ دەکەن دەسڵمێنەوە، بەڵام دەستبەرداری کردەوە دوژمنکارییەکانیان نابن، پێویستە خەڵک واقیعی بێت و لەو ڕاستییە تێبگات کە سیاسەت لەگەڵ واقیعدا مامەڵە دەکات نەک لەگەڵ خەیاڵ و فەنتازیادا کە زۆر حیزبی کوردی خەریکی ئەمە دواییانە. با خۆمان بە باسی حکوومەت و حیزبەکانەوە زۆر خەریک نەکەین، دەزانین ئەوان لەم بارودۆخەی ئێستادا ناتوانن بڕیاری ئەوە بدەن لە بەغدا و ئەوەی بە ناحەق پێی دەوترێت پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە، ئەوە بڕیارێکی ئاسان نییە و ناکرێت بیر لە بەرژەوەندی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی شەش حەوت ملیۆن کەس نەکرێتەوە لە هەر بڕیارێکی لەو جۆرەدا". 



PM:09:04:11/02/2024