نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان‌و هەڵبژاردنی پەرلەمان سەردانی ئێران دەکات

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم وەک زۆر جاری دی کە سەردانی کردووە، ئەمجارەش بە نهێنی سەردانی ئێران بکات، مەبەست لە سەردانەکەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانە لەگەڵ ئەو وڵاتەو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " پێش دەرکردنی مەرسومێکی نوێ بۆ دیاریکردی کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێران بکات، لەلایەکەوە دەیەوێت لە ئێرانییەکان بگەیەنێت کە هەرێم مەترسی نییە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و سنورەکان دەپارێزێت و نابنە هەڕەشە لەسەر ئەو وڵاتە، ئامانجێکی تری سەردانەکەش رەزامەندی پێشاندانی ئێرانە لەمەڕ دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەم هەنگاوەی نوێیەی نێچیرڤان بارزانی دوای ئەو سەردانەی هەفتەی رابردووی دێت بۆ بەغدا و لەگەڵ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی  ئیدارەی دەوڵەت، هاوکات زۆربەی سەرکردەی حیزبە کاریگەرەکانی عێراقی بینی و هەوڵی لەگەڵدادان کە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەلاوە ئاسان بێت، ئەم هەنگاوەش تا رادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوو، بەتایبەتی بە دوای لێدوانی سودانییەوە دەرکەوت کە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا رۆژی ٣٠ ی نیسان کۆبوەوەو پێی راگەیاند؛ گرنگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر ڕۆشنایی سازانی سیاسی و بەشداری هەموو پێکهاتەکاندا بێت.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانە، پارتی گەیشتۆتە ئەو راستیەی کە لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی هەرێم ناتوانێت بگاتە رێککەوتن و هەڵبژاردن دوابخات، گەر لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکان عێراق کاری بۆ نەکات، هاوکات ئەم سیاسەتەش درێژ دەکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا و لەم سەردانە چاوەڕوانکراوەیدا دەیەوێت ئێران تێگەیشتنی هەبێت بەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردن، هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران کاریگەریان هەبێت لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا بە دواخستنی هەڵبژاردن قایل بێت.

لەبارەی راگەیاندنی مەرسومێکی نوێ بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، دیارە پارتی و نێچرڤان بارزانی ئەم هەنگاوە دەخەنە دوای سەردانەکەی بۆ ئێران کە تا ئێستا کاتەکەی نەزانراوە، بەلآم پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا بێت.

پارتی لە کاتێکدا ئەم هەنگاوانە دەهاوێژێت دەمێکە لەسەر ئاستی کونسڵانی ولآتان لە هەرێم و ئەمەریکا و یەکێتی ئەورپا کار دەکات کە دواخستنی هەڵبژاردنیان بەلاوە ئاسایی بێت.

تا ئێستا سەرجەم لایەنە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا بەپێی راگەیاندنەکانیان دژی دواخستنی هەڵبژاردنن، کە بڕیارە ١٠ حوزەیران ئەنجام بدرێت، ئەو لایەنانەش یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرەی گەلە.

      




PM:01:22:03/05/2024