بەیاننامەی لایەنە سیاسیەكان لە بارەی رۆژئاوای كوردستان


بەمەبەستی پشتگیری و پشتوانیی لە كوردانی رۆژئاوا ئەمڕۆ شەممە،  لە شاری هەولێر 41 حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان لە بارەگای مەڵبەندی سێی یەكێتی كۆبوونەیەكیان ئەنجامدا و دواتر بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد.

 لەو كۆبوونەوەیەدا دەستخۆشی لە هەڵویستی  سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كرا لە بارەی بەفەرمی ناساندنی كانتۆنەكانی رۆژئاوا ، هەروەها داوایان لە لایەنە سیاسیەكان كرد هەرچی زووە ناكۆكیەكانیان وەلابنێت و ریزەكانیان یەكبخەن .


دەقی رایگەیەنراوەکە:
 
راگەیاندنی هاوبەشی نوێنەرایەتی حزبە كوردستانییەكان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان .
 
  جەماوەری تێكۆشەری كوردستان ...
 
  كەس و كارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ...
 
 ئێمە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەدرێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانماندا, ئەمڕۆ 18-10-2014 لە بارەگای مەڵبەندی 3 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبووینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بەكاروچالاكی ماوەی رابردوو گفتوگۆكرا، كارو چالاكییەكان بە ئیجابی هەڵسەنگێنران و كارنامەیەكی نوێیش بۆ كارو خەباتی داهاتوو داڕێژرا.
 
 كۆبوونەوەكە جارێكی دیكە خەبات و بەرخۆدانی پێشمەرگەو شەڕڤانان بەرز دەنرخێنێت و خۆشحاڵە بە پێشەوەچوونەكان گۆڕەپانەكانی شەڕ لە باشووری كوردستان و كۆبانی و رۆژئاوای كوردستان و سوپاسگوزاری خۆیشی بە هێزەكانی هاوپەیمانان رادەگەیەنێت كەوا بنكەو بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشی لە كۆبانێ موشەك باران كرد، ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی هاوكێشەی شەڕ لە كۆبانێ.
 
ئێمە دەستخۆشی لە تەواوی گەلی كوردستان لە هەرچوار پارچەی وڵات و رەوەندی كورد لە دەرەوەی وڵات دەكەین كەوا بە چالاكی جۆاوجۆرو خۆپیشاندان تیرۆریستانیان شەرمەزاركرد و مۆراڵی پێشمەرگەو گەریلاو شەرڤانانیان بەرزكردەوە، ئەم یەكدەنگییەی گەل لە سەرتاسەری كوردستان دەریدەخات ئێمە یەك دڵ و یەك جەستەین و چارەنووسمان یەكە.
 
 بەشدارانی كۆبوونەوە دەستپێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لێكنزیكردنەوەو رێككەوتنی لایەنەكانی رۆژئاوا بەرز دەنرخێنن و داوا لە تەڤدەم و ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا دەكات كەوا ململانێی حزبییەكانیان بخەنە لاوەو بگەنە رێكەوتنێك لەنێوان خۆیاندا، لەبەرئەوەی یەكڕیزی و یەكدەنگی ئەوان دەبێتە فاكتەری بەهێزی پێشوەچوون و سەركەوتنی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان.
 
  هەروەها  كۆبوونەوە دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ ئەو بڕیارەی داویانە سەبارەت بەرەسمی مامەڵەكردن لەگەڵ خواستی خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان كە ئەوە یەكێك بووە لە داخوازییەكانی ئێمەی لایەنە سیاسییەكان كە لە كۆبوونەوەی خۆماندا لە 29-9-2014 داوامان كردبوو هەرسێ سەرۆكایەتی كوردستان مامەڵەی رەسمی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بكەن، بۆئەمەش داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین رێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە.
 
  وڵات پارێزانی كوردستان ...
 
 ئێمە لەپێناو یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لە كارو خەباتی خۆماندا بەردەوام دەبین و داوا لەهەموو لایەك دەكەین هاوكارو پشتیوانمان بن بۆ هێنانەدی یەكێتی و یەكدەنگی، لەو پێناوەشدا داوا دەكەین لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی دەست بەكارەكانیان بكەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەی وەكو چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەكان ببەسترێت.
 
 ئێمە لە كارو چالاكی داهاتووماندا بڕیارمانداوە كەوا سندوقێكی كۆمەك بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان دابنێین، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە جەماوەری كوردستان دەكەین لەكاتی دانانی سندوقەكەدا بە هانای خوشك و برایانمانەوە بێن و كۆمەكی سندوقەكەمان بكەن، ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی هەموو لایەكمانە.
 
 لەگەڵ رێزماندا...
 
لایەنە سیاسییەكان:
 
1- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2- حزبی شیوعی كوردستان
3 - یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
4 - بزوتنەوەی گۆڕان
5-  یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
6 - بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
7- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8- حزبی ئایندەی كوردستان
9- بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان
10- پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
11- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12- پارتی ئازادی كوردستان PAK
13- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی توركمان
14- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
15- حزبی شروقی توركمانی
16- حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
17- حزبی رزگاری كوردستان RPK
18- پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
19- پارتی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان
20- پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP
21- كۆمەڵە ( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران )
22-پارتی گەلی توركمانی عێراق
23-پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان
24- پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمان
25-پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان PCDK
26- پارتی نەتەوەیی كوردستان
27- حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان
28- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
29-  بزووتنەوەی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان _ سوریا
30- پارتی پارێزگارانی كوردستان
31- كۆنگرەی نیشتمانی كوردستان KNC
32-پارتی سەربەستی كوردستان
33- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
34- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK
35- پارتی دیموكراتی كوردستان
36- حزبی دیموكراتی كوردستان
37- كۆما جڤاكێن كوردستان KCK
38- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
39- بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان
40- پارتی كۆماری كوردستان
41- كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستان
48- حزبی توركمان ئیلی
43- بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن
 
هەولێر _ كوردستان
18-10-2014




PM:01:49:19/10/2014