پۆلیسی سلێمانی: سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە دەستگیر کرا

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، چوار شاخەوان لە ناوچەی قەرەداغ گیانیان لەدەستدا و وتەبێکی پۆلیسی سلێمانیش بە ڕاگەیاند" سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە شاخەوانییەیان دەستگیر کردووە".

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" بە فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی ٤١١ـی سزادانی عێراقی، سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی (سەگرمە) دەستگیرکراوە و تا کۆتاییهاتنی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە لە لێکۆڵینەوەکان، ڕادەگیرێت".

بە گوێرەی زانیارییەکان سەرەڕای هۆشدارییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەی خراپی کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا، ڕێکخراوی شاخەوانی (سەگرمە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی (٣ـی ئایاری ٢٠٢٤) گەشتێک ڕێکدەخات بۆ ناوچەی قەرەداغ، گوندی ئاوەسپی - دەربەندی مەسوران.

ئەمڕۆ گروپێکی شاخەوانی بە ناوی (سەگرمە) کە لە ١٢ کەس پێکهاتبوون لە سلێمانییەوە سەردانی گوندەکانی بەڵخەی خواروو و سەروویان کردووە، دواتر چوونەتە گوندی ئاوەسپی، بەڵام لەوێ کەوتبوونە بەر تەوژمی لافاو، بەهۆیەوە ٤ کەس لە شاخەوانەکان گیانیان لەدەستدا، (حەمەلاو و داستان) دوو لەو چوار کەسەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەی قەراغ کەوتنە ئاوەوە و گیانیانلەدەستدا، و ناوی یەکێکی دیکە لەو گەنجانەی گیانیلەدەستاوە (هادی)یە.
  
ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لە لێدوانێکی بۆ (سپی) رایگەیاند" کە ئێمە چەنجارێک خەڵکمان ئاگادار کردووەتەوە لە رێگای میدیاکان کە لەگەڵ تێکچوونی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی گەورە تکایە خەڵکی لە ماڵەکان و لە رێگا سەرەکییەکان دوور نەکەونەوە و ئەو تیمانەش چالاکییەکانیان راگرن، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیراوە و بووە هۆی ئەو کارەساتە".



PM:08:02:03/05/2024