وەزیری نەوتی عێراق: هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغداد نەكردووە

وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە كۆمپانیایانەی كە لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن, رۆژانە (٣٧٥) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، و دەبوو (٣٢٩) هەزار بەرمیلیشی رادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)بكرایە,دەڵێت" هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغداد نەكردووە".

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە"  تائێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی رادەستكردنی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت، رێككەوتنێكی پێشوتر هەیە بۆ رادەستكردنی ئەو بڕە دیاریكراوە نەوتەی  لەیاسای بودجەی فیدراڵیدا هاتووە".

راشیگەیاندووە" كۆمپانیایانەی كە لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن، رۆژانە (٣٧٥) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن, (٤٦) هەزار بەرمیلی دەچێت بۆ كارپێكردنی هەندێك لە پاڵاوتگەكان".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە دەبوو (٣٢٩) هەزار بەرمیلیشی رادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)بكرایە، كە كۆمپانیای رێگەپێدراوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق، رێككەوتنیش هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی ئەو بڕە، و دەڵێت" هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغداد نەكردووە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەندێك جیاوازی هەیە لەگەڵ هەرێم, پەیوەندی بەو گرێبەستانەوە هەیە كە لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان ئیمزاكراوە, پێویستی بە پرۆسەی پێداچونەوەو گونجاندنێتی لەگەڵ دەستوری عێراقی.

حەیان عەبدولغەنی دەڵێت" ئەوانە گرێبەستی هاوبەشین, ئێمە ناتوانین گرێبەستی هاوبەشیی پەسندبكەین".

جەختی لەوەشکردووەتە کە دوو لیژنە پێكهێنراوە, لیژنەیەكی هونەری و لیژنەیەكی یاسایی, لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ هەردوو لیژنەكە كۆدەبینەوە، و نوێنەری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی تیادایە و نیەتی گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەركردنی ئەو پرسە هەیە بۆ رادەستكردنی نەوتی عێراق و هەناردەكردنی.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت" ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستان لەگەڵ هەرێم كردووە, بەنرخێكی جیاواز لە نرخی وەزارەتی نەوت ئەنجامیانداوە لەكێڵگە هاوشێوەكان, یەكێك لەو پرسانەی لە كۆبونەوەی هەفتەی داهاتوو باسی دەكەین, ئەم پرسە دەبێت، هەروەها رێككەوتنمان هەیە بۆ رادەستكردنی (١٠٠) ملیۆن پێ سێجا غاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر,  بۆ بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی, بەگوێرەی زانیارییەكانی بەردەستمان, لەئێستادا دەستكراوەتەوە بە بەگەڕخستنەوەی ئەو كێڵگەیەو دەستپێكردنەوەی كارەكانی".




PM:10:38:03/05/2024